بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرشون هاکومەن فەریقی یەدەک لە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم بڵاو بووەتەوە، هەڵسووکەوت و بڕیارە ستراتیژییەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی شرۆڤە کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە نەسروڵڵا ئەرکی خۆی لە پێناو هاوکاریکردنی حەماس جێبەجێ دەکات بەڵام لە هەمان کاتدا کەڵک لە دەرفەتەکان وەردەگرێت تا ئاستێکی نوێی ناسمانەی حزبوڵڵا وەک هێزێکی ناوچەیی دابین بکات.
هاکومەن ڕایگەیاندووە کە پێویستە ئەو شێوازە تایبەتەی حەسەن نەسروڵڵا کە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ بوونی ئیسرائیل، شرۆڤە و لێکدانەوەی بۆ بکرێت و ئەویش نە بە هۆی هێزی سەربازی و ژمارەی زۆری مووشەکە دوورهاوێژەکانی، بەڵکوو بە هۆی هەڵسووکەوت و هێزی وردبینیی ڕووداوەکانەوە دەبێت.
ئەو پلەدارە سەربازییەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە لە پاش دەرکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان لە ساڵی 2000، حزبوڵڵا هەوڵی دەستڕۆیشتوویی لە ئاستی ناوچەکە داوە نەک تەنیا لە لوبنان.
ڕاشیگەیاندووە کە نەسروڵڵا لەو کاتەوە تا ئێستا ئەرکی خۆیی بۆ بەشداری لە شەڕی فەڵەستینییەکان جێبەجێ کردووە و لە شەڕی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە تا ئێستا هەنگاوێکی دیکەی بۆ بەهێزبوونی لە ئاستی ناوچەکە هەڵگرتووە.
ئەو ژنڕاڵە زایۆنیستە ڕایگەیاندووە کە سەید حەسەن نەسروڵڵا بەم ستراتیژەوە ناوچەی باکوری کردووەتە گۆڕەپانێکی شەڕی چالاک و شارۆچکەنشینەکانی لەو ناوچانە دەرکردووە و بە کردەوە ئەو ناوچانە بووەتە شوێنێکی وێران./.