بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ هەینی 16 ی شوباتی 2024 لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە، داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری ئیسلامیی کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە وتی: ئێمە شەڕ بە چارەسەر نازانین بەڵام لە ئەگەری نەبوونی چارەسەری بەپەلەی سیاسی، بە دڵنیاییەوە کە بەردەوامی جینۆسایدی ڕژێمی زایۆنیستی کاریگەریی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕەفەح هەڵکردووە.
ناوبراو جەختی لە سەر هەنگاوی بەپەلە و یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕێگری لە بەردەوامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین کردەوە./.