بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە چاوپێکەوتنی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە شاری بەغدا، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا بەشێکی بەرچاو لە بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە تیرۆریستانی گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی عێراق و لەم سەردانەشدا بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکان ڕادەستی بەڕێز فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کراوە و ئەگەر لە داهاتووشدا پێویست بە بەڵگەی زیاتر بکات ئەوانەش لە زووترین کاتدا ڕادەست دەکرێت.
ناوبراو وتی: هیوادارین هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە هاوکاری یەکتر، ڕوبەڕوبونەوەیەکی باشیان لە بەرامبەر تیرۆریستان هەبێت و بە کردەوە وانەیەکی لەبیرنەکراو بە هەموو تیرۆریستان بدەن.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش لەو کۆبوونەوەدا وتی کە ئاسایشی ئێران وبە ئاسایشی خۆمان دەزانین و لە سەرجەم ئەو ناوچانەش کە لە عێراق لە ژێر دەستی داعش ئازادکراوە، شوێن دەستی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی دەبینین و لەو بڕوایەداین کە لە شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی داعش، خوێنی شەهیدانی ئێرانی و عێراقی تێکەڵ بووە./.