بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەیی لە شاری بەغدا لە گەڵ فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبووە.
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە هاوکارییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە بوارە جیاجیاکان وتی: ئەمڕۆ کاریگەری و ئاسەواری هاوکارییەکانی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق لە گۆڕەپانە جیاجیا ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەردەکەوێت، هەرچەندە پێویستە ئێران و عێراق وەک دوو وڵاتی دراوسێ و موسڵمان هاوکارییەکانی خۆیان لە هەموو بوارێکدا زیاتر و بەرفراوانتر بکەن.
ناوبراو وتی: خۆشبەختانە ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنی زۆر لە نێوان ئێران و عێراق لە بواری یاسایی و دادوەریدا کراوە و دەبێت گرنگی بە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو ڕێکەوتنانە بدەین، ئێمە لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەمان هەیە کە بە پێی هەلومەرجی ڕۆژ، ڕێکەوتنی نوێ لە گەڵ وڵاتی عێراق واژۆ بکەین.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق وتی: پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە پەیوەندییەکی بەهێز و مێژوویی دادەنرێت و تێکەڵبوونی خوێنی ئێرانییەکان و عێراقییەکان لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوە تیرۆریزمی داعش، پیشاندەری ئاشکرای ئەم پەیوەندییە مێژووییەی گەلانی هەر دوو وڵاتە.
فایەق زیدان وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران باشترین پشتیوانی عێراق و پرۆسە سیاسییەکەیە و هیوادارین کە ئەم پەیوەندییە ئەرێنییە بەردەوام بێت.
وتیشی کە هەر دوو دەزگای دادی ئێران و عێراق پێویستە پەرە بە هاوکارییەکانیان لە بواری دادوەریدا بدەن./.