بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو ڕێوڕەسمەدا سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتەیەکدا باسی لە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو کات و لە نەهامەتییەکاندا پشت و پەنای کوردانی عێراق بووە، بە تایبەت لە کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 و هەموو کاتیش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان و عێراق لە دژی ڕژێمی سەدام بووە و گەلی کورد ڕۆڵی دۆستانی خۆی لە بیر ناکات.
ناوبراو وتی: کاتێک داعش لە هەولێر نزیکبووە و هەوڵی داگیرکردنی شارەکەی دەدا، ئێران بووە پشتیوانی پاراستنی هەولێر و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران سنورێکی دوور و درێژی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ئەمەش بووەتە هۆکاری پەیوەندییەکی ئابوری و بازرگانی بەردەوام و خوازیارین ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییانە لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا بەهێزتر ببێت./.