بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پزیشکان و پسپۆڕانی خۆراک هەمیشە جەختیان لەسەر گرنگی خواردنی ڤیتامین A ی پێویست کردووەتەوە و ئەم ماددە خۆراکییە بە پێویستی دەزانن بۆ تەندروستی. کەمی ڤیتامین A دەبێتە مەترسییەکی زۆر جددی بۆ سەر تەندروستی و دەبێتە هۆی دروستبوونی بارودۆخی مەترسیدار بۆ جەستە.
ڤیتامین A چییە؟
ڤیتامین A یەکێکە لەو ڤیتامینانەی کە لە چەوریدا دەتوێتەوە و لە خۆراکە ئاژەڵییەکان وەک بەرهەمە شیرەمەنیەکان و جگەری گۆشتی مانگا و ماسیدا هەیە.
سوودەکانی ڤیتامین A بۆ تەندرووستی
مژینی بەردەوامی ڤیتامین A زۆر گرنگە بۆ تەندروستی لەش و گەشەی خانەکان و کارکردنی سیستەمی بەرگری لەش و گەشەکردن و تەندروستی کۆرپەلە و بەرزکردنەوەی بینین. بەڵام جگە لەمانە سوودەکانی تری ڤیتامین A بریتین لەمانەی خوارەوە:
خۆپاراستن لە شەوکوێربوون و لاوازبوونی بینین بەهۆی پیربوونەوە
ڕەنگە یەکێک لە سوودە تەندروستییە ناسراوەکانی ڤیتامین A ڕۆڵی بێت لە باشترکردنی بینین. بوونی ڤیتامین A پێویستە بۆ گۆڕینی ئەو ڕووناکیەی کە لەسەر چاوەکان دەدرەوشێتەوە بۆ سیگناڵێک کە دەتوانرێت بنێردرێت بۆ مێشک، لە ڕاستیدا یەکێک لە یەکەم نیشانەکانی کەمی ڤیتامین A بریتییە لە کەمبوونەوەی بینینی مرۆڤ لە ڕووناکی کەمدا، کە بە شەوکوێری ناسراوە.
کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە بە ڤیتامین A
لە نێوان سوودەکانی تری ڤیتامین A دەتوانین ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری ئەم ڤیتامینە بکەین لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە. ڤیتامین A بە ماددەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ گەشەی خانەکان؛ بۆیە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دروستبوون یان گەشەی خانە نائاساییەکان بکات، کە دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.
باشترکردنی سیستەمی بەرگری لەش بە یارمەتی ڤیتامین A
خواردنی ڤیتامین A پەیوەندییەکی گرنگی هەیە لەگەڵ کارکردنی دروستی سیستەمی بەرگری لەشت. ئەم ڤیتامینە بەربەستی چڵکدار لە چاو و سییەکان و ڕیخۆڵەکان و ئەندامەکانی زاوزێدا باشتر دەکات، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی بەکتریا و ماددە تووشکەرەکانی تر.
کەمکردنەوەی زیپکە بە ڤیتامین A
زیپکە نەخۆشییەکی درێژخایەن و هەوکردنی پێستە کە ئەگەر تووشی ببێت، دانەوێڵەی ئازاربەخش و ڕەش لەسەر پێستی مرۆڤەکان دەردەکەون. هەرچەندە ڕوون نییە کە ڤیتامین A چۆن کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی زیپکە هەیە؛ لەگەڵ ئەوەشدا سەلمێنراوە کە کەمی ڤیتامین ئەی دەبێتە هۆی دروستکردنی بارودۆخی زیپکەی زیاتر و خواردنی ئەم ڤیتامینە بەشێوەیەکی گونجاو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بەو ڤیتامینە.
کێشەی ئێسک لەگەڵ کەمی ڤیتامین A
هەرچەندە پرۆتین و کالیسیۆم و ڤیتامین D وەک ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان بۆ پاراستن و باشترکردنی تەندروستی ئێسک باسکراون؛ بەڵام خواردنی ڤیتامین A بە بڕی پێویست لەم بابەتەدا زۆر گرنگ دەبێت. لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی کەمی ڤیتامین A یان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە پووکانەوەی ئێسک زیاترە لە چاو ئەو کەسانەی کە ئاستی ڤیتامین A لە خوێندایان ئاساییە.
بەهێزکردنی گەشەکردن و زاوزێکردن بە ڤیتامین A
خواردنی ڤیتامین A پێویستە بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی زاوزێ لە هەردوو ئافرەت و پیاودا، هەروەها پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کوالیتی گەشەی کۆرپەلە لە کاتی دووگیانیدا هەیە.
هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمی ڤیتامین A دەبێتە هۆی تێکچوونی بەرهەمهێنانی سپێرم لە پیاواندا و هەروەها کوالیتی هێلکەدان لە خانماندا کەمدەکاتەوە. هەروەها لە ئافرەتی دووگیاندا ڤیتامین A ڕۆڵی هەیە لە گەشەکردنی زۆرێک لە ئەندامەکانی کۆرپەدا، وەک کۆئەندامی دەمار و دڵ و گورچیلە و چاو و سییەکان و پەنکریاس.
باشترین سەرچاوەی ڕووەکی بۆ ڤیتامین A
دەتوانرێت لە ڕێگەی زۆرێک لە سەرچاوە خۆراکییەکانەوە ڤیتامین A بەکاربهێنرێت و دەستگەیشتن بەو ماددانە ئاسان دەبێت کە ئەم ڤیتامینەیان تێدایە. فۆڕمی چالاکانەی ڤیتامین A زیاتر لە بەرهەمە شیرەمەنیەکاندا هەیە و پێشەنگەکانی زیاتر لە سەرچاوە ڕووەکییەکاندا دەبینرێن. دەتوانیت ئاشنای باشترین سەرچاوەکانی ئەم ڤیتامینە ببیت بە ئاماژەدان بەو خواردنەی کە بابەتی ڤیتامین A تێدایە.
کەمی ڤیتامین A
هەژاری و کەمی ڤیتامین ئەی لە لەشدا نەک تەنها لە سودەکانی ئەم ڤیتامینە بێبەشمان دەکات بۆ تەندروستی، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە تووشی نەخۆشی کەمی ڤیتامین A بێت و ببێتە هۆی ئاڵۆزیی گەورە. لە ئاڵۆزییەکان و نیشانەکانی کەمی ڤیتامین A بریتین لە: وشکبوونەوەی پێست، وشکبوونەوەی چاو، شەوکوێربوون، نەزۆکی، تێکچوونی گەشەکردن، هەوکردنی قوڕگ و سنگ، لاوازی لە چاکبوونەوەی برین و زیپکە.
چۆنیەتی بەکارهێنانی ڤیتامین A
بە تێکڕا 900 و 700 میلیگرام ڤیتامین A لە ڕۆژێکدا پێشنیار دەکرێت بۆ ژن و پیاو بە ڕێککەوت. ئەم بڕە لەم ڤیتامینە بە ئاسانی لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەست دەکەوێت؛ بەڵام، ئەگەر خەڵک بە هەر هۆکارێک نەیانتوانی ئەو سەرچاوە خۆراکیانە بخۆن کە تێیدایە، دەتوانن بچنە سەر تەواوکەری ڤیتامین A و حەب.
چەند ڕۆژ جارێک پێویستە حەبی ڤیتامین A بخۆین؟
بۆ ئەوەی بزانیت چەند ڕۆژ حەبی ڤیتامین ئەی دەخۆیت، پێویستە گرنگی بە ژەمی ئەو حەبە بدەیت و پێش خواردنی ئەم ڤیتامینە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت.
چۆنیەتی بەکارهێنانی ڤیتامین A 50000
ڤیتامین A 50000 نزیکەی بەرزترین ژەمی ئەم تەواوکەرە ڤیتامینەیە کە لە بازاڕدا بەردەستە. خواردنی ئەم حەبە بەپێی پێویستیەکانت جیاواز دەبێت، بۆ نموونە ئەو کەسانەی کەمییەکی زۆریان هەیە پێویستە زیاتر بخۆن؛ بەڵام، بەگشتی، دوو سێ هەفتە جارێک بەکاردەهێنرێت.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڤیتامین A
وەک ئاماژەمان پێدا، بەهۆی ئەوەی لە چەوریدا تواوەتەوە، ڤیتامین A لە جگەردا هەڵدەگیرێت و ناتوانرێت لە جەستەدا دەربدرێت؛ بۆیە زۆر خواردنی ڤیتامین A دەبێتە هۆی ژەهراویبوون و کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤیتامین A لەم حاڵەتەدا تەنانەت دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانیش دروست بکات. هەرچەندە ئەم ژەهراویبوونە زیاتر لە ئەنجامی خواردنی تەواوکەری ڤیتامین A و حەب ڕوودەدات؛ بەڵام هەندێک سەرچاوەی خۆراکی ڤیتامین A بەهەمان شێوە دەبنە هۆی ژەهراوی بوون.
بێگومان زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە وەرگرتنی پێشەکی ڤیتامین A لە خۆراکەوە مەترسی ژەهراویبوون کەمتر دەبێتەوە لە چاو وەرگرتنی فۆڕمی چالاکەکەی. نیشانە و ئاڵۆزییەکانی ژەهراویبوونی ڤیتامین A بریتین لە سکچوون، سەرگێژخواردن، سەرئێشە، ئازار، تەنانەت مردنیش./.