بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کافاین دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت وەک سەرئێشە و زیادبوونی دڵەڕاوکێ، بۆیە رەنگە شایانی ئەوە بێت کە چاوێک بە هاندەرەکانی ناو خۆراکەکەتدا بخشێنیتەوە.
ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک خۆراکن کە دەتوانن خەوتنت لێ بێبەش بکەن:
شوکولاتەی تۆخ:
سەرەڕای سوودە تەندروستییەکانی شوکولاتەی تۆخ، بەڵام باش نییە پێش خەوتن بیخۆیت، پارچەیەک شوکولاتەی تۆخ کە کێشی ١٠٠ گرامە نزیکەی ٨٠ میلیگرام کافاینی تێدایە.
چا:
هەردوو چای سوور و چای سەوز کافاینیان تێدایە کە بە شێوەیەکی سروشتی لە چادا هەیە، یەک کوپ چای نزیکەی ٣٠ بۆ ٥٠ میلیگرام کافاینی تێدایە.
خواردنەوە گازییەکان:
زیانە ئەگەرییەکانی خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان تەنها بە بوونی رێژەیەکی زۆر شەکر سنووردار نییە، بەڵکو زۆرێک لەو خواردنەوانە بڕێکی زۆر کافاینیشیان تێدایە.
ئایسکرێم:
خواردنێکی دڵخوازە لە رۆژانی گەرمدا، هەندێک جۆری ئایسکرێمیش دەتوانێت کافاینی تێدابێت، پسپۆڕی بواری خۆراک رۆب هۆبسۆن دەڵێت، “باشترە ئایسکرێم هەڵبژێردرێت کە تامی قاوەی نەبێت، چونکە بڕێکی کەم لەو ئایسکرێمە دەتوانێت زیاتر لە ٥٠ میلیگرام کافایینی تێدابێت”.
شیرینی:
دووربکەونەوە لەو شیرینیانەی کە قاوە یان شوکولاتەی تۆخیان تێدایە، چونکە رێژەیەک کافاینیان تێدایە کە دەبێتە هۆی کەمخەوی.
شیرینی نەعنا:
خواردنی شیرینی نەعنا دوای نانخواردنی ئێوارە دەتوانێت تازەگەری بێت، بەڵام هەندێکجار دەتوانێت کافاینی تێدابێت، رۆب دەڵێت: “نەعنا خۆی کافاینی تێدا نییە، بەڵام پێویستە پشکنینی پێکهاتەکەی بکەیت چونکە هەندێک بەرهەمی تامی ماچا یان مارکەی نەعنا بڕێک کافاینیان تێدایە”.
کۆمبوچا:
کۆمبوچا خواردنەوەیەکی چەورکراوە کە چەندین سوودی تەندروستی بە ریخۆڵە دەبەخشێت، خواردنەوەیەکی خۆشەویستە لەلایەن ئارەزومەندانی تەندروستی بەڵام لە گەڵاکانی چا دروست دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سروشتی کافاینی تێدایە، هەرچەندە رێژەی کافاینی کۆمبوچا کەمترینە، بەڵام هێشتا شایەنی باسە چونکە ٢٥٠ ملیلیتر کۆمبوچا دەتوانێت تا ١٥ میلیگرام کافاین لەخۆبگرێت./.