بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە 11 ی شوباتی 2024 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە شاری دیمەشق وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ بەڕێز بەشار ئەسەد سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و تێڕوانینی تاران و دیمەشق بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
ناوبراو وتی: دڵنیام بە پێی ئیرادەی ڕێبەرانی هەر دوو وڵات و هەروەها هەوڵەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی سوریا و ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانین بەرەوپێشچوونی زیاتر لە هاوکارییە ئابوری، بازرگانی، پیشەسازی و گەشتیارییەکانی نێوانمان ببینین.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: هەڵگری پەیامی بانگهێشتکردنی فەرمی و نووسراوی بەڕێز ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ سەرۆک کۆماری سوریا بووم بە مەبەستی سەردانیکردنی تاران. خۆشحاڵم کە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر و پتەوتر دەبێت و ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەبێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە سوریا وتی: ئێران سەرکۆنەی داگیرکردنی چەند ناوچەیەک لە خاکی سوریا لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و دەسدرێژییەکانی ئەوان دەکات.
ناوبراو وتی کە وەک چۆن کە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێران ساڵانێک لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە گەڵ گەل و حکومەت و هێزە چەکدارەکانی سوریا بوون، بەردەوام لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە گەڵ سوریا دەمێنینەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەدا وتی کە سەرجەم هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێ وەڵام نەماونەتەوە و ئەمڕۆ نتانیاهۆ تووشی گێژاوێکی گەورە لە غەززە بووەتەوە و غەززە بووەتە گۆڕستانی زایۆنیستەکان.
ناوبراو وتی: بژاردەیەک بەدەر لە چارەسەری سیاسی، دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی لە غەززە و ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی خۆرئاوا نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کلیلی گەڕانەوەی ئاسایشی بەردەوام بۆ ناوچەکە، ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی و تاوانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی غەززە و فەڵەستینە.
ناوبراو وتی: سەرجەم کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە قەیرانی غەززە بە ڕێگاچارەی سیاسی کۆتایی بێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت و وتی: ئەمریکا ناتوانێت لە لایەکەوە باس لە پێویستی ڕاگرتنی شەڕ بکات و لە لایەکی دیکەوە ناردنی چەک و هاوکاری سەربازی بۆ تەل ئەبیب ڕانەگرێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەوەی کە کۆتایی بەم شەڕە دێنێت بڕیاری ئەمریکا و وازهێنانی ئەو وڵاتەیە لە سیاسەتی دژ بە یەکی قسە و کردار. هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە ڕژێمی زایۆنیستی و نتانیاهۆ بە بێ هاوکارییەکانی ئەمریکا تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش توانای شەڕیان نییە./.