بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی یەک شەممە 11 شوباتی 2024 (22 ی ڕێبەندانی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی) لە میانەی وتارێکی لە ڕێپێوانی چل و پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە تاران وتی: پیلانگێڕییەکان، کودەتا، جوداییخوازی، شەڕی سەپێندراوی 8 ساڵە، پیلانی مونافقەکان، تیرۆر و ئاژاوەگێڕییەکان، هەمووی لە لایەن گەلی ئێرانەوە پووچەڵ کرایەوە و بە خۆڕاگری و ورە و ئیرادەی بەهێز سەرجەم پیلان و نەخشەی دوژمنان ڕوبەڕوی شکست کرایەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: گرنگترین درووشمی شۆڕسی ئیسلامی گەلی ئێران سەربەخۆیی بووە و ئەمڕۆ ئێران سەربەخۆترتن وڵاتی جیهانە و بەسراوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نییە و خۆی بڕیار دەدات و هەنگاو دەنێت و کرداری دەبێت. پەیامی نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا بەردەوام لە لایەن گەلی ئێرانەوە گرنگی پێدەدرێت و ئەمڕۆ لە 45 ساڵەیی شۆڕشی ئیسلامی ئێمە ڕادەگەێنین کە گەلی ئێران لە سەر ئەم بنەمایە پێداگری دەکات و لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و هیچ زلهێزێک فەرمان وەرناگرێت لە بەر ئەوەی کە خۆی خاوەن پێگە و هێزە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەو کاتە بە سەرچووە کە سەرۆکی وڵاتانی زلهێزی جیهان بێنە تاران و بە بێ ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا بۆ ئێران بڕیار بدەن، ئەمڕۆ ئێران خاوەن سەربەخۆییەکی کەم وێنەیە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ لە ئێرانی ئیسلامی ڕێزگرتن لە دەنگ و داواکاری خەڵک بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی دیمۆکراسی دەکەن، بە شێوازی ڕاستەقینە بوونی هەیە و سەرجەم دامەزراوەکانی شۆڕش و وڵات شەرعییەت لە دەنگی خەڵک وەردەگرن. یەکێک لە شانازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە تا ئێستا بۆ هەر ساڵێک هەڵبژاردنێکی بەڕێوە بردووە و لە سەرجەم دامەزراوەکانیش بۆ دەنگی خەڵک گەڕاوەتەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەوانەی کە بانگەشەی دیمۆکراسی دەکەن ڕێز لە دەنگ و خواستی گەلانی فەڵەستین و یەمەن ناگرن بەڵام سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای دەنگی خەڵک دامەزراوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ ئێرانی ئیسلامی بووەتە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بەرگری لە مافی مرۆڤ لە جیهان.
ناوبراو وتی: بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی، ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بناسن، دەتوانن لە غەززە وەک تابلۆیەک لە تاوانی دژە مرۆیی، تاوانی شەڕ و منداڵکوژیی زایۆنیستەکان بڕوانن. گەمارۆدانی گەلی زوڵملێکراو و ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و خۆراک و دەرمان بۆ ئەوان، ئەگەر تاوان لە دژی مرۆڤایەتی نییە، چییە؟
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: جیهان هەمووی بزانێت کە ڕژێمی زایۆنیستی لە ناو دەچێت و کاتی مردنی گەیشتووە و لایەنگرەکانی تەنیا هەوڵی کڕینی کات بۆ دواخستنی مردنی ئەم تاوانبارانە دەدەن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە 45 ساڵ پشتیوانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دۆزی ڕەوای گەلی فەڵەستین، وتی: لەم 45 ساڵەدا بە هەموو شێوەیەکی وەک گەمارۆ و سزاکان، هەڕەشە و شەڕی سەربازی هەوڵی ئەوەیاندا واز لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بێنین بەڵام بۆ جیهان ئەوە سەلمێندرا کە لە پرسی فەڵەستیندا هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگاچارەیە و وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە ” فەڵەستین بووەتە پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلام و قودسی پیرۆز دەبێت ئازاد بکرێت “.
ناوبراو لە درێژەدا دەرکردنی ڕژێمی زایۆنیستیی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ڕژێمە تاوانبارە ناو برد و وتی: ڕژێمێک کە زیاتر لە 400 بەیاننامە، بڕیار و یاسای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە، چۆن دەتوانێت پابەندیی نێودەوڵەتی هەبێت، هەر بۆیە پێشنیاری ئێمە دەرکردنی ڕژێمی زایۆنیستییە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان./.