پێدەچێت کاریگەری ئەزموونی ئێرانییەکان لە تێکەڵکردنی ” دیمۆکراسی ” و ” ئائین ” لە نێوان ” کۆمار ” و ” ئیسلامیزم ” و لە نێوان ” حکومەتی ئائینی ” و ” پۆپۆلیستی ” دا لە گەڵ حەز و خواستی وڵاتانی ڕۆژئاوا نەگونجێندرابێت. لە بەر ئەوەی کە ڕۆژئاوا دەیەوێت مۆدێلی حکومەتیی خۆی دابمەرزێنێت، کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکات بۆ ئەوەی لە دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی کەم بکاتەوە و بەم شێوەیە ڕێگری لە گواستنەوەی ئەزموونەکانی بۆ وڵاتانی دیکە بکات. لە لوتکەی ئەو تۆمەتانەش ئەوەیە کە هاوسەنگی لە نێوان ” کۆمار ” و ” ئیسلامیزم ” جێگیر نەکراوە و ” کۆمار ” تەنیا پۆشاکێکە بە سەر ” حکومەتی ئائینی ” دا.
گومانی تێدا نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سیستەمێکی جیاوازە لە سیستەمەکانی دیکە، چ ئائینی و چ دیمۆکراسی، ” دیمۆکراسی ئائینی ” لە تیۆری ” ویلایەتی فەقی ” ئیمام خومەینی (رە) وەرگیراوە لە سەر بنەمایەکی جێگیر لە ئیسلامدا یان بنەمای ” عەقڵانیەت “، گوێڕایەڵی خودا تەنیا بە ئیرادەی ئازاد و هەڵبژاردن بە دەست دێت، هەر بۆیە کۆمەڵگا و سیستەمی ئیسلامی نابێت حکومڕانەکەی کەسێکی ستەمکار بێت، کۆمەڵگایەک کە مرۆڤ بۆی نییە بیر بکاتەوە و هەڵسووکەوت بکات، کۆمەڵگایەکی نائیسلامییە و دیمۆکراسی ئائینی واتە گرنگیدان بە مرۆڤەکان، ئەمەش دەرەنجامی بەرژەوەندی ئیسلامییە بۆ کەرامەتی مرۆڤ، هەر کارێک کە زیان بە کەرامەتی مرۆڤ بگەێنێت قەدەغەیە، بۆیە زەوتکردنی ئیرادەی مرۆڤ بە نیشانەیەکی ڕوونی پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ دادەنرێت و ئەمەش ئەو بنەمایەیە کە ” دیمۆکراسی ئائینی ” لە سەری بنیات نراوە.
بە پێی ئەم چەمکانە ” ولایت ” کاتێک قبووڵکراوە کە پارێزەر دادپەروەر و خوداپەرست بێت و هەوڵی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بدات و هەر پێشێلکارییەکی کەرامەتی مرۆڤ، پێشێلکردنی سنورە ئیلاهییەکانە. لە لایەکی دیکەوە ئیسلام ڕێگری دەکات لە ئەنجامدانی کارێک کە دژی سرووشتی مرۆڤە، لە بەر ئەوەی کە بەم کارە لە شکۆی خۆی کەم دەکاتەوە کە لە لایەن ” دیمۆکراسی ئائینی ” پارێزراوە و لە گەڵ ئەم کردەوانەشەوە لە عەقڵەوە دوور دەبێت و نەزانانە مامەڵە دەکات، بەڵام ئیسلام ڕێگا بە شتێکی لەو جۆرە نادات و ئەم ناڕەزایەتییە بە مانای سنوردارکردنی مرۆڤێکی لێزان و عاقڵ نییە، بەڵکوو بە واتای سنوردارکردنی نەفامییەکەی ئەوە و نموونەی ئەم ئازادبوونی نەزانییەش بە یاساییکردنی هاوڕەگەزبازی، هاوسەرگیری لە گەڵ ئەندامانی خێزان، لەناوبردنی خێزان و لە ناوبردنی بەها ئەخلاقی و مرۆییەکانە بە بیانووی ئازادی.
ڕۆژئاوا تەنانەت پابەندی ئەو پرەنسیپانەش نەبووە کە بانگەشەیان بۆ دەکات، وەک مافی مرۆڤ، دیمۆکراسی و دادپەروەری و بەردەوام پشتیوانیی لە ڕژێمە دیکتاتۆر و ستەمکار و ڕەگەزپەرستەکانی جیهان کردووە، وەک چۆن کە لە ئێستادا دژ بە گەلی فەڵەستین بە هەموو شێوازێک پشتیوانی لە ڕژێمی دڕندە و منداڵکوژی زایۆنیستی دەکات. مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە دادپەروەری لە سیستەمی دیمۆکراسی ئائینی زۆر جیاوازترە لەوەی لە سیستەمی ڕۆژئاواییدا باس دەکرێت و ناتوانرێت وەک ڕژێمە لیبراڵەکان دادپەروەری بە پێی حەز و خواست و هەڵبژێردراو جێبەجێ بکرێت.
سەرجەم ئەو پرەنسیپانەی کە ڕژێمە دیمۆکراتیکەکان لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان جیا دەکەنەوە، لە سیستەمی دیمۆکراسی ئائینی کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند کراون و بە ئاشکرا لە دەستوور، هەڵبژاردنەکان، ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سەرۆکایەتییەکان، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتییەکان، ئازادی کارکردنی سەرۆکایەتییەکان و …. جێبەجێ دەکرێت. ئازادی ڕادەربڕین، مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان کە ئەزموونێکی 45 ساڵەی لە ئێرانی ئیسلامیدا هەیە و خەڵک لێرە بەشدارییان لە زیاتر لە 40 هەڵبژاردندا کردووە و بەمەش دامودەزگا جیاجیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ شەرعییەتی خۆیان لە خەڵکەوە وەردەگرن.
ئەزموونەکان دەریانخستووە کە زۆربەی ” شۆڕشەکان ” دەگەنە دامەزراندنی ڕژێمێکی دیکتاتۆری کە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو شۆڕشانە بەڕێوە دەبرێن، یان لە باشترین حاڵەتدا بە دەستوورێکی کاتی بەڕێوە دەچن و کۆتاییان دێت، بەڵام شۆڕشی ئیسلامی ئێران تەنیا خۆیی بە داڕشتنی دەستوورەوە سنوردار نەکرد و ئەو دەستوورەی خستە ڕیفراندۆمێکی گشتییەوە تا خەڵک ئازادانە پەسەند یان ڕەتیبکەنەوە و نزیکەی لە سەدا 98 ی خەڵکیش دەنگی بەڵێ یان بە دەستوورەکە دا.
شۆڕشی ئیسلامی کە سیستەمی ” دیمۆکراسی ئائینی ” ی خوڵقاند، ئێرانی لە وڵاتێکی دواکەوتووی بەسراوەی ئەمریکاوە بۆ وڵاتێکی ئازاد و پێشکەوتوو گۆڕی و پاش سەرکەوتنی شۆڕش، شووناس و ناسنامەی ئیسلامیی ئەم وڵاتەی زیندوو کردەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنا. ئەم شۆڕشە تەنیا بە سنورە جوگرافییەکانی ئێرانەوە سنوردار نەبووە بەڵکوو ناوچەیەکی بەرفراوانی ڕۆژئاوای ئاسیای گرتووەتەوە. هەروەها دۆزی فەڵەستینی زیندوو کردەوە کە خەریک بوو لە ژێر داروپەردوی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکادا بنێژرێت و ئەمڕۆ شەڕی زریانی ئەقسا و پشتیوانی بەرەی خۆڕاگری لە فەڵەستین دەبینین کە تەنیا بەشێکە لە دەرکەوتەکانی ئەم بوژانەوە گەورەی ئیسلامە./.