بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا عەلیڕەزا تەنگیسەری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، وتی: پێشکەوتنە سەربازی و بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی هیچ وڵاتێکی ئیسلامی یان لایەنێک کە هەڕەشە لە سەر ئێمە نەبێت و هێرش نەکاتە سەرمان نییە، بەڵکوو ئێمە بەرگری لە وڵاتانی ئیسلامیش دەکەین.
ناوبراو وتی: شەهید حاجی قاسم سولەیمانی تەواوی ژیانی خۆیی لە پێناو بەرگری لە خەڵکی سوریا، لوبنان، عێراق، یەمەن و فەڵەستین تەرخان کرد.
لیوا تەنگیسەری وتی: ئێمە تەنیا حکومەتی بێگانەکان، جولەکە و مەسیحی بە سەر موسڵمانان لە ڕێگای شەڕەوە ڕەتدەکەینەوە، ئەڵبەت نەک هەموو جولەکە و مەسیحییەکان، لە بەر ئەوەی کە لە وڵاتی ئێمەش خەڵکی جولەکە و مەسیحی هەیە و مەبەست ئەوانەیە کە دژی ئێمە شەڕ دەکەن.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران وتی: ئێستا لە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە موسڵمانان دەکرێت کاتی یەکگرتنەوە و یەکڕیزییە، ئەگەر ئەم یەکڕیزییە بوونی دەبوو، ئەمریکا، بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیستی موڵەتی ئەوەیان بە خۆیان نەدەدا کە لە فەڵەستین ئەو هەموو تاوانە بکەن، ئەگەر ئەمە لە وڵاتێکی ئەورووپی ڕووی دەدا ئەوان پێکەوە هاوکارییان دەکرد، وەک چۆن لە شەڕی ئۆکراینا بینراوە، موسڵمانانی فەڵەستین ئەو هەموو تاوانەیان بەرامبەر دەکرێت بە بێ ئەوەی کەسێک لە گەڵ ئەوان بێت.
ناوبراو وتی: پەیامی ئێمە هەمیشە و بە تایبەت لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕە سەربازییەکان لە کەنداوی فارس، پەیامی ئاشتی و دۆستایەتییە بۆ وڵاتانی دراوسێ و موسڵمان، پەیامی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنانە لە ناوچەکە، ئەو دوژمنانەی کە بۆیان گرنگ نییە خوێنی موسڵمانانی ئێرانی، ئیماراتی، بەحرەینی، سعوودی، عۆمانی و گەلانی دیکەی موسڵمانی ناوچەکە بڕێژرێت، بۆ ئەوان گرنگ نییە لە بەر ئەوەی کە لە جوگرافیایەکدا یاری دەکەن کە ئەگەر لە ناو ببرێت بۆیان گرنگ نییە./.