بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی سەرۆکی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بە ئاماژە بە دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر غەززە وتی: سەرەڕای ئەوەی کە هێرش و بۆردومانەکانی غەززە زیانێکی مرۆیی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی شکست و بێهیوایی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی.
ناوبراو بە ئاماژە بە کۆمەڵکوژییەکەی غەززە، وتی: سوپای داگیرکاری زایۆنیستی هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەکان، فەرمانبەرانی کەرتی تەندرووستی، ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری و ڕێگریی لە گەیشتنی دەرمان بۆ کەرتی غەززە کردووە و ڕێگریشی لەوە کردووە کە بریندارەکان بۆ شوێنی دیکە بگوازرێنەوە.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا وتی: درۆنەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەستێنی کۆمەڵکوژی غەززەیان دابین کردووە و ڕژێمی زایۆنیستی بە پێی زانیارییەکانی ئەوان ئەو هەموو کوشتارە دەکات.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا ڕۆڵی گرنگی لە شکستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگری لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە هەبووە.
عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی بە ئاماژە بە شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێش و پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، وتی کە تەل ئەبیب بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە گەورە پێویستی بە 5 ساڵ کات لە سەرجەم ئاستەکاندا هەیە.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن دا و وتی کە ئەو هێرشانەش لە چوارچێوەی پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکرێت و هیچ کاریگەرییەکی لە سەر توانا سەربازییەکانی ئێمە نابێت./.