بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی سپۆتنیک لە سەر زاری ئەو سەرچاوانەوە ڕایگەیاندووە کە بزوتنەوەی حەماس پرۆژەیەکی بۆ ئاگربەستی غەززە پێشنیار کردووە کە سێ قۆناغ لە خۆ دەگرێت، ئەو سێ قۆناغەش بریتین لە ئاگربەست، ئاڵوگۆڕی دیلەکان و تەرمەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە و کشانەوەی هێزکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە. هەر یەک لە قۆناغەکانیش 45 ڕۆژە دەبێت. حەماس پێشنیاری ئەوەیکردووە کە لە یەکەم قۆناغدا دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکان دەکرێت، لە 45 ڕۆژی دووەم هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە تەواوی لە کەرتی غەززە دەکشێنەوە و لە قۆناغی سێهەمیش تەرمی کوژراوانی هەر دوو لا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
کەناڵی ئەقسا لە سەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە کە سەرکردەکانی خۆڕاگری پاش ڕاوێژ و تاوتوێکردنی بابەتەکە، تێبینییەکانی خۆیان لە سەر پێشنیاری ئاگربەستی پاریس بە خشتەیەکی کاتی دیاریکراو داوەتە نێوەندگێڕەکان کە ئاگربەست، ئاوەدانکردنەوەی غەززە، گەڕانەوەی ئاوارەکان، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەوان، چارەسەرکردنی بریندارەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە لە خۆ دەگرێت.
میدیای ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاندووە کە حەماس چەندین مەرجی خستووەتەڕوو کە وەڵامەکەی نەرێنییە و لە هەر حاڵەتێکدا ئیسرائیل شەڕ ڕاناگرێت./.