بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ ڕایگەیاندووە کە عێراق، لیبیا و قەتەر لە ڕیزی ئەو 10 وڵاتەدان کە زیاترین زێڕیان کڕیوە.
لە ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی جیهانی زێڕدا هاتووە کە کۆی گشتی کڕینی زێڕ لە جیهان لە بانکی ناوەندی دابەزیوە و لە ساڵی 2022 لە 1081.9 تەنەوە گەیشتووەتە 1031.4 تەن لە ساڵی ڕابردوو.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە چین بە کڕینی 224.88 تەن لە ساڵی 2023 گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە.
پاش چین، ناوی پۆڵەندا بە 130.3 تەن، سەنگافۆرە بە 76.51 تەن، لیبیا بە 30.1 تەن، چێک بە 18.71 تەن و هیندستان بە 16.22 تەن لە ڕیزی دووەم تا شەشەمدا هاتووە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەنی جیهانیی زێڕدا هاتووە کە عێراق لە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 12.25 تەن زێڕی کڕیوە و لە پلەی حەوتەمی جیهاندا ناوی هاتووە.
پاش عێراق، قەتەر بە 7.44 تەن، فیلیپین بە 7.10 تەن و قڕقیزستان بە 6.95 تەن لە پلەی حەوتەم تا دەیەم ناویان هاتووە./.