ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە 85 ئامانجی لە 7 ناوچە، چوار ناوچەلە سوریا و سێ ناوچە لە عێراق، بە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان و زیاتر لە 125 مووشەک بۆردومان کردووە.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان بەیاننامەکەی ئەمریکا و ڕاستییەکاندا هەیە. لە بەر ئەوەی کە لە بەیاننامەکەی ئەمریکادا هاتووە کە هێرش کراوەتە سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و کۆگاکانی مووشەک و درۆن و چەک و تەقەمەنی، بەڵام ڕاستییەکان شتێکی دیکەیە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم بۆردومانانە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە خەڵکی سڤیل و هێزە سەربازییەکان، برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە و زیانێکی زۆری مادی بۆ سەر کەرتی گشتی و تایبەت بە دیاریکراوی لە سوریا.
کردنە ئامانجی سامانی گشتی و تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئەنجامی هێرشی بەئەنقەستی ئەمریکییەکان بووە و ئامانجەکەشی ئەوە بووە کە خەڵکی ئەو ناوچانە دژی هێزەکانی خۆڕاگری توڕەبوونی خۆیان پیشان بدەن، لە بەر ئەوەی کە بوونی ئەو هێزانە پیلانەکەی ئەمریکای بۆ دابەشکردنی سوریا پووچەڵ کردووەتەوە.
تەواوی بەرپرسانی ئەمریکا وەک جۆبایدن سەرۆک کۆمار، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری و جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو کە لە هێرشەکاندا هێزەکانی ئێران لە سوریا و عێراق و هەروەها گرووپەکانی خۆڕاگری ئیسلامی کراونەتە ئامانج. لە کاتێکدا کە ڕاپۆرتەکان ئەوەیان سەلماندووە کە لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا ئێرانی یان لوبنانی نییە.
سەبارەت بە شەهیدبوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنورەکانی سوریا و هەروەها هێزەکانی سوریا لەودیوی سنورەوە، دەبێت بڵێین کە ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگای ئەم بۆردومانانەوە هێزەکانی سوریا و عێراق لە هەر دوو دیوی سنورەوە نەبن، ئامانجەکەشی ئەوەیە کە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ تیرۆریستانی داعش دابین بکرێت و شانەکانی دیسانەوە چالاک بکرێنەوە.
هەڵە بەردەوامەکەی ئەمریکا ئەوەیە کە پێی وایە بە بۆردومان و هێرشی مووشەکی دەتوانێت هاوکێشەکان بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی لەبیرکردووە کە کاتێک 160 هەزار هێزی سەربازیی لە عێراقدا هەبوو و بە هەموو شێوەیەک بە سەر ئەم وڵاتەدا زاڵ بوو، توانای مانەوەی نەبوو و بە سەرشۆڕی کشایەوە و ئەمڕۆ کە تەنیا چەندین هەزار کەس لە هێزەکانی لە سوریا و عێراقدان، هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان یارمەتیدەری گۆڕینی هاوکێشە مەیدانییەکان نین و چارەنووسی ئەو هێزانە لە سوریا و عێراق ناگۆڕێت و دەرکردنیان درەنگ یان زوو مسۆگەر دەکرێت./.