بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی چاوپێکەوتنی عەلی سادق عەلی وەزیری دەرەوەی سودان بەوەکالەت، بە ئاماژە بە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جێگیربوونی حکومەتێکی بەهێز لە سودان و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، پێشوازیی لە داواکەی سودان بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران – خەرتوم کرد و بە هۆکارێکی قەرەبووکردنەوەی دەرفەتە لە دەستچووەکان یان دابینکردنی دەرفەتی نوێی زانی.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختی لە سەر سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دوورکەوتنەوەی وڵاتان لە ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە و وتی: هەندێک وڵاتی ئیسلامی بە نزیکبوونەوە لە ڕژێمی زایۆنیستی زیانی گەورەیان لە ئۆممەی ئیسلامی داوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی بە پیلانە بەردەوامەکانی هوڵی ڕێگری لە گەشە و پێشکەوتنی وڵاتانی ئیسلامی دەدات و وتی: ئەمڕۆ پرسیاری گەورەی موسڵمانان لە هەندێک وڵاتی ئیسلامی ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو تاوان و منداڵکوژییەی ڕژێمی زایۆنیستی، چۆن بەردەوامی بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەو ڕژێمە دەدەن، لە کاتێکدا کە ئەگەر ئەو وڵاتانە کۆتاییان بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەهێنا، ئەم ڕێژەیە لە کوشتار و تاوان و بۆردومانی غەززە نەدەبینرا.
وەزیری دەرەوەی سودان بەوەکالەت لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی./.