بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی کەناڵی جزیرە لە سەر زاری ئەندامێکی لێژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە ساڵانە 4 ملیار دۆلاری تێچووی هاوردەی غازی لە ئێران هەیە.
جزیرە لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی ” ئایا وەبەرهێنانی عێراق لە کێڵگە نەوتی و غازییەکان، ئەم وڵاتە دەگەێنێتە خۆبژێوی لە غازدا ” ڕایگەیاندووە کە عێراق پێویستی بە هاوردەی غازی ئێران هەیە و ساڵانە چەندین ملیار دۆلار تێچووی ئەمەی هەیە.
ئەو میدیا قەتەرییە لە سەر زاری نەبیل مەرسومی مامۆستای زانکۆی بەسرە و شارەزا لە بواری نەوتدا ڕایگەیاندووە کە عێراق 4 کێڵگەی غازیی هەیە کە بریتین لە کێڵگەکانی عەکاز لە ئەنبار، مەنسوریەی دیالە، سیبای بەسرە و کۆرمۆری سلێمانی کە هێشتا دوو کێڵگەی عەکازی ئەنبار و مەنسوریەی دیالە نەگەیشتوونەتە قۆناغی وەبەرهێنان و کێڵگەی سیبای بەسرەش تەنیا کۆندێنسێت بەرهەم دێنێت.
مەرسومی سەبارەت بە پێویستی ئێستای عێراق بە غاز وتی: پێویستی عێراق زیاتر لە ڕێژەی وەبەرهێنانی ئێستای ئەم وڵاتەیە. عێراق ساڵانە نزیکەی 3 ملیار پێی سێجا ستانداردی غاز بەرهەم دێنێت کە نیوەی ئەو غازە دەسوتێندرێت و لە سەر نزیکەی یەک ملیۆن و 600 پێی سێجا وەبەرهێنان دەکرێت، لە کاتێکدا کە عێراق ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 40 ملیۆن مەتری سێجا غاز هەیە.
ئەو شارەزا نەوتییە وتی کە ئەگەر عێراق لە سەر تەواوی غازەکانی هاوڕێی نەوت وەبەرهێنان بکات، ڕێژەی وەبەرهێنانی غاز دەتوانێت ئەم وڵاتە بگەێنێتە ئاستی خۆبژێوی.
مەرسومی بە ئاماژە بەوەی کە پێویستی عێراق بە وزەی کارەبایی بەرهەمهێنراو لە ڕێگای غازەوە بەردەوام لە زیادبووندایە، وتی: خواست لە سەر وزەی کارەبا لە عێراق بە نزیکەی 36 هەزار مێگاوات مەزندە دەکرێت، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت خواست لە ساڵی 2050 بگاتە نزیکەی 70 هەزار مێگاوات.
ئەو ئابوریناسە وتی: وڵاتی عێراق تا دە ساڵی داهاتووش ناتوانێت بگاتە خۆبژێوی لە وەبەرهێنانی غاز، تەنانەت ئەگەر حکومەت لە کێڵگە غازییەکان بە تایبەت لە کێڵگەی کۆرمۆر وەبەرهێنان بکات کە ناوە ناوەش هێرشی دەکرێتە سەر، لەم کێڵگە غازییە لە ئێستادا بۆ وەبەرهێنانی لە سەدا 80 ی کارەبای پێویستی هەرێمی کوردستان کەڵک وەردەگیردرێت.
هەر سەبارەت بەم بابەتە، جزیرە لە سەر زاری نەمار عۆبەیدی شارەزای کاروباری ئابوری جەختیکردووەتەوە کە هۆکاری زۆر هەیە تواناکانی عێراقی بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە وەبەرهێنانی غاز سنوردار کردووە و ئەمەش پیشان دەدات کە نەبوونی وەبەرهێنان لە کێڵگە غازییەکانی عەکاز و مەنسوریە دەبێتە هۆی بەردەوامی هاوردەی غاز لە ئێران.
ناوبراو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وەبەرهێنانی کارەبا بە تایبەت وەبەرهێنان لە وزەی خۆر و کەڵک وەرگرتنی وێستگەکانی کارەبا لە وزەی نەوت و خێراکردنی تەواوکردنی پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بە وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس و ئەردەنی بە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی پێویستی عێراق بە هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە ناو بردووە.
هاتف سەهەر مەشعەل پەرلەمانتاری عێراقی وەبەرهێنانی بۆ کۆکردنەوەی غازی هاوڕێی نەوتی لە عێراق بە گرنگ ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە دەتوانێت لە سەدا 65 ی پێویستی عێراق بە غاز دابین بکات و لەم پێناوەدا بەغدا چەندین گرێبەستی لە گەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ واژۆ کردووە کە تا ساڵی 2026 جێبەجێ دەکرێت.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق پلانی ئەوەی داڕشتووە کە لە گەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ئیمارات، قەتەر و چین گرێبەستی وەبەرهێنان لە کێڵگە غازییەکانی عەکاز لە ئەنبار و مەنسوریە لە دیالە واژۆ بکات./.