بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی بەرگری سوریا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ” بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا لە چەندین پێگە و گوندی ناوچەی شەرقیەی سوریا و نزیک سنورەکانی عێراق، هێرشی ئاسمانییان کردووە کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکان، خەڵکی سڤیل و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە و زیانێکی مادی بەرچاویش گەیشتووەتە سامانی گشتی و خەڵک “.
وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاندووە کە ” ئەو ناوچانەی بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا، هەمان ئەو ناوچانەن کە سوپای سوریا سەرقاڵی شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعشە، ئەمەش ڕاستییەک ئاشکرا دەکات کە ئەمریکا هاوپەیمانی تیرۆریستانە و بە هەموو ئامرازێک وەک باڵێکی مەیدانیی خۆی لە سوریا و عێراق پشتیوانی لەم گرووپە تیرۆریستییە دەکات “.
ڕاشیگەیاندووە کە ” داگیرکاریی ئەمریکا لە چەند بەشێکی خاکی سوریا ناتوانێت بەردەوام بێت و سوپا و هێزە چەکدارەکان درێژە بە شەڕ و خەباتی خۆیان تا لەناوبردنی تەواوی تیرۆریستان و ئازادی تەواوی خاکی سوریا لە داگیرکاری و تیرۆریزم دەدەن “./.