بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگاداری ئێرانی لە سوریا ڕایگەیاندووە کە ” ئێمە ئەم دەسدرێژییەی ئەمریکا ئیدانە دەکەین و پاساو و درۆکانی ئەم هێرشە ڕەتدەکەینەوە، هێرشەکان لێکەوتەی جیدیی لە سەر دۆخی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەبێت و کاردانەوەی زۆری بە دواوە دەبێت، وڵاتانی سوریا و عێراق هیچ داگیرکاری و دەسدرێژییەک بۆ سەر خاکی خۆیان قبووڵ ناکەن “.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ” دەسدرێژییەکانی ئەمجارەی ئەمریکا پیشاندەری ئەوەیە کە داگیرکاران لە هەر دوو وڵاتی سوریا و عێراق بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆیان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەنگاو دەنێن و لە ڕاستیدا هێزێکی داگیرکارن، ئەم هێرشانەش گرنگی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پیشان دەدات لە بەر ئەوەی کە ئەم وڵاتە هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزی و کێشە و گرفتەکانی ناوچەکەیە “.
ڕاشیگەیاندووە کە ” بڕیارەکەی خۆڕاگری ئیسلامیی عێراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکارانی ئەمریکی لە پێناو پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین تەنانەت بە هێزێکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت، هێرشەکانی ئەمریکا هێزەکانی خۆڕاگری لەو ئامانجەی خۆیان پاشگەز ناکاتەوە، ئەو گرووپانەی کە بەرگرییان لە سوریا و عێراق کردووە، هەرچەندە قوربانی بدەن بەڵام لە پشتیوانیکردنی خەڵکی زوڵملێکراوی فەڵەستین بەردەوام دەبن “.
ئەو سەرچاوە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ” جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هێزی قودس هیچ بنکە و ناوەند و دامەزراوەیەکی لە سوریا و عێراق نییە و بانگەشە و پڕوپاگەندەی ئەمریکا درۆ و بە ئامانجی بەلاڕێدابردنە و ئەمەش بابەتێکی ڕوون و ئاشکرایە “./.