بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ئەمڕۆ چوارشەممە 31 ی کانوونی دووەمی 2024 ڕایگەیاند کە 3 کەسی دیکە لە هێزەکانی لە شەڕ و پێکدادانەکانی باکور و باشوری غەززە کوژراون و 5 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە سەد و حەفدەیەمین ڕۆژدا شەڕی غەززە بەردەوامە و خۆڕاگریی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە تانکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و هێزەکانی سوپای ئەو ڕژێمەی کردووەتە ئامانج، بە تایبەت لە شاری خان یونس لە باشوری غەززە کە زیاترین زیانەکانی تۆمار کردووە.
سوپای ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا دانی بەوەدا ناوە کە 560 کەس لە هێزەکانی لە کاتی دەستپێکردنی زریانی ئەقسا کوژراون و لە شەڕی وشکانی دژ بە غەززەش تا ئێستا 224 کەس لەو هێزانە کوژراون.
سوپای ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها ڕایگەیاندووە کە 2784 کەس لە هێزەکانیش لەم شەڕەدا بریندار بوون، ئام ئامارەش لە لایەن میدیا زایۆنیستەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە زیانەکان لەمە زیاترن کە بڵاو بوونەتەوە.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا و لە سەر زاری دوو بەرپرسی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای ئیسرائیل زیاتر لە زیانەکانی چل ساڵی ڕابردووە./.