بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەلحاج حەسەن وەزیری کشتووکاڵی لوبنان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرەدا وتی: شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی هەموو عەرەبەکان بە شەڕی ئاو دادەنرێت، لە دەیەی 1970 تا ئەمڕۆ سەرجەم شەڕ و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، سەرچاوە ئاوییەکانی ئێمەی کردووەتە ئامانج.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی سەرچاوە ئاوییەکانی لوبنانی لە باشوری ئەم وڵاتە داگیر کردووە، وتی: ئێمە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم بابەتەمان گەڵاڵە کردووە و دەمانەوێت بە هەموو ئامرازێکی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی یان خۆڕاگری، تا دوایین دڵۆپی ئاو و دوایین بستی خاکی خۆمان لە باشوری لوبنان وەربگرینەوە.
ئەو وەزیرە لوبنانییە وتی: سەرچاوە ئابورییەکانی باشوری لوبنان کە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە داگیرکراوە، سەرچاوە سەرزەوی و ژێرزەوییەکانە و ئەرکی هەر لوبنانییەکە کە لە خەباتی گەڕاندنەوەی ئەم خاکە داگیرکراوەدا بەشدار بێت.
ئەلحاج حەسەن ڕایگەیاندووە کە بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەرفەتی گەیشتنی بە ئامارە ڕاستەقینەکانی زیانە کشتووکاڵییەکانی لاواز کردووە و سەرەڕای ئەمەش نزیکەی 5 هەزار دارە زەیتوون لە ناو چووە و مێژووی هەندێک لەوانەش بۆ 150 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ڕاشیگەیاند کە لە هەمان سەرەتای دەستپێکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە باشوری لوبنان، سکاڵایەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار کراوە./.