بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا سەرچاوەکانی دابینکردنی چەکەکانی دەستی هێزەکانی حەماسی لە غەززە ڕوون کردووەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە زۆربەی ئەو چەکانەی کە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵانی گەنارۆدانی غەززە لە دژی ئەو ناوچەیە بەکاریان هێناوە، ئێستا لە دژی ئەوان بەکار دەهێندرێت.
سوپای ئیسرائیل، سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی چەکی حەماس
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی و دەزگا هەواڵگرییەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بەشێکی زۆری ئەو چەکانەی کە حەماس لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و دواتر لە شەڕی غەززەدا بەکاریهێناون، لەو سوپاوە دابین کراوە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: بۆ ساڵانێک شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدا بوون سەرەڕای ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل گەمارۆیەکی توندی لە دژی غەززە بەکارهێناوە، حەماس ڕووی هێناوەتە ڕێگای ژێرزەوینییەکانی دابینکردنی چەک، بەڵام زانیارییەکان ئەوەیان پیشاندا کە حەماس تا چەندە دەتوانێت لەو هەموو چەک و ڕۆکێتەی ئسرائیل ئاراستەی غەززەی کردووە لە پێناو درووستکردنی مووشەک و چەکە دژە تانکەکان کەڵک وەربگرێت. حەماس هەروەها هێزەکانی بە چەکی سەربازە ڕفێندراوەکانی ئیسرائیل پڕچەک کردووە.
سوپای ڕژێمی زایۆنیستی شکستی هێناوە
ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە کە زانیارییەکان لە چەندین مانگی پێش شەڕی زریانی ئەقسا پیشان دەدن کە بەرپرسانی ئیسرائیلی نەک تەنیا سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە تووشی هەڵە بوون، بەڵکوو ئەوان سەبارەت بە تواناکانی حەماس بۆ گەیشتن بە چەک و سەرچاوەی پێویست زانیاری و لێکدانەوەی دۆخەکە تووشی هەڵەیەکی گەورەتر بوون.
ئەوەی کە ڕوون بووەتەوە، ئەوەیە کە ئەو چەکانەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سزادان و گەمارۆدانی غەززە لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا بەکاری هێناون، ئێستا سەر لە نوێ لە دژی ئەو ڕژێمە بەکار دەهێندرێت.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە چەک و تەقەمەنییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ئەو توانایەی بە حەماس داوە تا هەزاران مووشەک بە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا ببارێنێت و بۆ یەکەم جار لە غەززەوە دزە بکاتە ناو ئەو ناوچانەوە.
بنکە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەستیان بەسەردا گیرا
بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی پێشتر ئەوەیان دەزانی کە خاڵی لاوازیان بۆ کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی لە بەرامبەر دزین و دەستبەسەرداگرتن دەگەڕێتەوە. ڕاپۆرتێکی سەربازی کە سەرەتای ساڵی 2023 بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە هەزاران پارچە چەک و تەقەمەنی و نارنجۆک لە بنکە سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە کە لە ڕووی پاراستنەوە لاوازبوون، دزراوە.
لەو ڕاپۆرتە سەربازییەدا هاتووە کە بەشێک لە چەکەکان گەیشتوونەتە کەرتی خۆرئاوا و بەشێکی دیکە لە ڕێگای تایبەتەوە براونەتە غەززە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە لێکەوتەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە 7 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 بینرا، تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەوەی کە حەماس لە سنورەکانی غەززەوە هێرشی کردە شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان، تەرمی یەکێک لە هێزەکانی حەماس دۆزرایەوە کە لە سەر نارنجۆکێکی پشتێنەکەی نووسینی عبری هەبووە و ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە یەکێک لە نوێترین نارنجۆکەکانی سوپای ئیسرائیل بووە. ژمارەیەک لە هێزەکانی حەماس دەستیان بە سەر ئەو بنکە سەربازییەدا گرت و بە پێی لێدوانی بەرپرسانی تەل ئەبیب، بەشێک لەو چەکانە کە لە بنکە سەربازییەکە براوە، گەیشتووەتە غەززە.
بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی لەو بڕوایەدان کە ڕۆکێت و مووشەکەکان پێویستیان بە ڕێژەیەکی زۆری تەقەمەنی هەیە کە قاچاخکردنی ئەوان بۆ ناوخۆی غەززە زۆر ئەستەمە. سەرەڕای ئەمەش حەماس لە ڕۆژی 7 ی تشرینی یەکەم، هێندە ڕۆکێت و مووشەکی ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکان کرد کە سیستەمی بەرگریی گومەزەی ئاسنین لەوەدا سەرکەتوو نەبوو ڕوبەڕوی هەموویان ببێتەوە./.