بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند خوویەک دیاری کراوە کە مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی کەم دەکاتەوە کە بریتین لە:
خەوێکی تەندروست:
لە شەوێکدا حەوت بۆ نۆ کاتژمێر خەوتن، ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی بە رێژەی ٪٢٢ کەمدەکاتەوە، یادەوەرییمان بەهێز دەکات و رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستە.
وەرزشکردن:
ئەو کەسانەی بە بەردەوامی وەرزش دەکەن، کەمتر تووشی تێکچوونی تەندروستی دەروونی دەبن، چالاکی جەستەیی کاریگەرترە لە دەرمان لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی.
خۆراکی تەندروست:
پەیڕەوکردنی سیستمێکی رووەکی پڕ لە سەوزە، توو، دانەوێڵە، پرۆتینی بێ چەوری، فاسۆلیا و گوێز، یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە خەمۆکی دەدات.
جگەرەنەکێشان:
تووتن رێگەیەکی تەندروست نییە و زیان بە دەروون دەگەیەنێت، بۆیە وازهێنان لێی لە خەمۆکی دوورت دەخاتەوە.
سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان:
سەرنجڕاکێشی تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی ئەوەی کاتێکی زیاتر لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر ببەیت، ئەمەش زیان بە تەندروستی جەستەیی و دەروونی دەگەیەنێت.
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان:
بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن، یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی باری دەروونیمان./.