بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی – پارێزگای قەزوێن یەکێک لە پارێزگاکانی ئێرانە کە لە ڕووی گەشتیارییەوە بە پارێزگایەکی خاوەن پێگە و دەوڵەمەند دادەنرێت.
لە درێژەدا ئاماژە بە هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم پارێزگایە دەدرێت:
دەڤەری باکووری قەزوێن: سەیرانگەی باراجین، هەیوانی بەردینی نیاق، قەڵای لۆمبسەر
باراجین ناوی ناوچەیەکە لە باکووری قەزوێن کە لە دەسپێکی ئۆتووبانی قەزوێن ـ زەنجان وەدیار دەکەوێت و تاکوو بناری ناوەندیی کێوی ئەلبورز درێژ دەبێتەوە هەر بۆیەشە ئەم ناوچەیە لە مێژە بووەتە شوێنی سەیرانگەی خەڵکی قەزوێن و ئێستاش هەر بەو شێوەیەیە. ئەم ناوچەیە بە هۆی هەڵکەوتنییەوە لەسەر بەرزاییەکان کەش و هەوایەکی فێنکتر و لەبارتری لە چاوەی قەزوین دا هەیە. لەم ناوچەیە بورجگەلی باراجین بەشێوەی دوو چاودێر و ئێشکگری چیا سەرەنجی هەمووان بۆ لای خۆیان را دەکێشن و هەروەها رووباری ئەرنزەک کە لە دوندی بەرزاییەکانەوە دێتە خوار، سیحر و جوانییەکی وای هەیە کە لە یادەوەری مرۆڤ دا جێگەیەکی هەمیشەیی دەگرێت.
هەیوانی بەردینی نیاق لە قەزوێن
لە گوندی نیاقی سەر بە شاری قەزوێن کەڵەما(صخرە)یەکی بەرز هەڵکەوتووە کە لەناو دڵ و قووڵایی ئەم مایە دا کون و کەلەبەرگەلێک بە هۆی هۆکارە سرووشتییەکانەوە درووست بووە. لە نێو ئەم کەلەبەرانە دا ئەستێرکگەلێکی وردی چوارگۆشە لە رێگەی دانیشتووانی ئەو دەوروپشتەوە هەڵکەنراون. ئەم ئەستێرکانە لەکاتی باراندا لە ئاو لێوڕێژ دەبن. دانیشتووە خۆماڵییەکان لە سەر ئەم باوەڕەن کە موحەمەدی ئەبووحەنیفە لە سەر ئەم هەیوانە کۆشکێکی درووست کردووە کە ئێستاکە لەو کۆشکە جگە لە چەند پارچە و لەتە سوفاڵێک شتێک نەماوەتەوە.
قەڵای لۆمبسەر لە نێزیکی قەزوێن
ئەم قەڵایە کە هەڵکەوتۆتە گوندی رازمەیان و سەر بە شاری قەزوێنە، یەکێک بووە لە گەورەترین و پان و بەرینترین قەڵاکانی ئێران کە وەکوو دژ و قایم قەڵایەکی سەربازی سەرسووڕهێنەر لە لایەن ئیسماعیلییەکانەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەم قەڵایە لەسەر کێوێکی بەرز و لەهەمان کاتدا هەموار دانیشتووە و دەربەند و شیوگەلێکی سامناک دەورووپشتی تەنیوە. لێژایی ئەم قەڵایە لە باکوورەوە بۆ باشوور 150مەترە و لەخۆگری ژوورگەل، بیناگەل و ئاوعەمبارگەلێکە کە لەشێوەی موکەعەبی موستەتیل سازێندراوە. ئاوی قەڵاکە لە رووباری نینە روودەوە ئاوەڕۆی بۆ کێشراوە و لەقووڵایی دڵی کەلەبەردێک ئەم ئاوەڕۆیەی بۆ هەڵکەنراوە و دواتر ئاوەکە لە چەندەها ئاوعەمبار دا زەخیرە دەبێت. ئەم قەڵایە پاش قەڵای ئەلەمەوت گرینگترین قەڵای ئیسماعیلییەکان بووە.
ناوچەی ئەلەمەوت: قەڵای ئەلەمەوت، زەریاچەی ئەڤان
دەکرێت قەڵای ئەلەمەوت وەکوو یەکێک لە دانسقەترین قەڵاکانی ئێران هەژمار بکەین. خەڵکی ناوچەکە ئەم قەڵایە بە ناوی قەڵای حەسەن دەناسن. ئەم قەڵایە لە دوو بەشی خۆرهەڵات و خۆرئاوا پێک هاتووە. بەشە خۆرهەڵاتییەکەی بەرزوبڵندترە و بە قەڵای سەروو یان قەڵا بەرزەکە ناوبردەکراوە. درێژایی دیواری قەڵاکە120مەتر و پاناییەکەی لە نێوان 10تا35مەتر. تەنها رێگای چوونەژوورەوە بۆ قەڵای ئەلەمەوت لە سەرپەڕی گۆشەی باکووری خۆرهەڵاتی قەڵاکەیە کە کەوتۆتە چەند مەتر خوارتری بورجی خۆرهەڵاتی قەڵاکەوە. لەم شوێنە توونێلێک بەناو تاشەبەردێک دا هەڵکەنراوە کە بە درێژایی 6مەتر دەبێت. لە داوێنی باشووری کێوی قەڵاکەوە خەنەقێک بە درێژایی 50مەتر و پانایی2مەتر درووست کراوە کە بە مەبەستی شکستهێنان بە هێرشبەران لە کاتی شەڕ دا ئەو خەنەقە لێوانلێو لە ئاو دەکرێت. لە تەنیشت ئەم قەڵایە قەڵای گازار هەڵکەوتووە کە بە بۆنەی ئاوعەمبارەکانییەوە ناودارە.
زەریاچەی ئەڤان
ئەم زەریاچەیە بە بۆنەی بەرجەوەن و وێنە سەیر و سەرنج ڕاکێشەکانییەوە مەیشوورە. ئەم زەریاچە جوانە لە نێوان چوار گوندی ئەڤان، ڤۆربن، زەواردەشت و زێڕئاوا دا هەڵکەوتووە و پانتاییەکەی زۆرتر لە حەفتا هەزار مەتری چوارگۆشەیە و لە بەرزایی هەزاروهەشسەد مەتری ئاوی زەریا دا هەڵکەوتووە. لە هاوینان ئەم زەریاچەیە شوێنگەی ڕاوکردنی ماسی، باڵەمەلە کردن و قەیاغ ڕانییە و لە پاییزانیش دا شوێن پەنای پەلەوەرە کۆچبەرەکان وەکوو قوو، قاز و مراوییە و لە زستانانیش دا بە هۆی چوونەسەرەوەی پلەی سەرما و سەهۆڵبەندانەکەی جێگەیەکی لەبار و شیاوە بۆ ئیسکی سوارەکان. ئەم زەریاچەیە دەشێت 500ساڵ لەمەو پێش بەهۆی داڕمان و نوشست و لەرزینەوە هاتبێتە پەیدا بوون.
کانیاوی ئەعلا، زەریاچەی تار و هۆڤیر
لە مەودای 51 کیلۆمەتری جادەی ئابعەلی لە تاران، کانیاوێکی ئاوی کانزایی هەیە کە دانیشتووانی ئەو ناوە بە هۆی چۆنییەتی و خاوێنێتی ئاوەکە پێی دەڵێن کانیاوی”ئەعلا”. ئەم ناوچەیە کە وەکوو یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی دەوروپشتی تاران هەژمار دەکرێت بە هۆی هەبوونی ئەم کانیاوەوە کە خەڵکانێکی زۆر کەمیش دەیناسن، دەشێت شوێنێکی باش و بێدەنگ و کپ بێت بۆ گەشتیاران.
زەریاچەی تار و هۆڤیر
دەشێت ئەم زەریاچەیە وەکوو پەرجوو(معجزە)ی سرووشت ناوزەد بکەین. چوونکوو لە رووی زانستییەوە بوونی ئاوەها زەریاچەیەک بە بەرزایی3200مەتر لە سەرئاستی زەریا ناپۆڕێت و دەشێت تەنها وەکوو پەرجوو و هونەرێکی زێڕینی سرووشت سەیر بکرێت. ئەم زەریاچەیە کە کەوتۆتە نێوان ناوچەی دەماوەندئابادی چنار عەرەبەکان و جادەی کانزا و جادەی خاکیی تار لە جوانترین زەریاچەکانی ئێرانە. پەیوەست بوونی کۆمایەک لە کێوەکان بەیەکەوە بووەتە هۆی بەدیهاتنی ئەم قووڵکە و چاڵاوە سرووشتییە کە ئێستا زەریاچەیەکی چاوبزوێن و جوان لەگەڵ کەش و هەوایەکی شیاو و لەباری لێ پەیدا بووە.
ناوچەی فیرۆزکێو، ئەشکەوتی رۆئەفشان، ئەشکەوتی بۆرنیک
گوندی رۆ ئەفشانی دەماوەند، لەبەردەم رێگای ئەو کێوپێوانەیە کە بەسەر بەرزاییەکانی ئەلبورزی ناوەندی دا هەڵدەکشێن. ئەشکەوتی رۆئەفشانیش هەر لە سەر ئەم رێگایەیە. بەرزایی بنمیچی ئەشکەوتەکە بەڕادەیەکە کە دەتوانیی بە سانایی تێیدا بڕۆین و بێین. لە ناوەوەی ئەشکەوتەکە دا وەکوو زۆربەی ئەشکەوتەکانی دونیا ماک و مەتریاڵی ئاهەکی هەیە کە لەشێوەی گەندیلگەلێک لە بنمیچی ئەشکەوتەکەوە شۆڕبوونەتەوە. ئەو ئاوە زوڵاڵ و خاوێنەش کە لەقووڵایی دڵی تاشەبەردەکانەوە دێتە دەرێ، دەرژێتە ناو ئەو چاڵ و چالۆچکانەی کە لە سەر زەوی ئەشکەوتەکە دا هەیە.
ئەشکەوتی بۆرنیک
لە رێگەی دەماوەند بەرەو فیرۆزکێو، لە نێزیک گوندی هەڕاندە ئەشکەوتێکی سەرنجڕاکێش هەڵکەوتووە کە وێستگە و شوێنگەی زۆرێک لە کێوپێوان و خۆشەویستان و تامەزرۆیانی سرووشتە. ئەم ئەشکەوتە بە ناوی ئەشکەوتی بۆرنیک ناوی دەرکردووە. هەڵبەت لە گوندی هەڕاندەوە تا ئەم ئەشکەوتە 2 کاتژمێر رێپێوانی دەوێت چوونکوو لە دڵی سرووشتێک دا هەڵکەوتووە کە تا ئێستا جادەی پێ نەگەیشتووە. دانیشتووانی ئەو دەڤەرە بەهۆی فێنکیی تایبەتی کەش و هەوای ناو ئەشکەوتەکە هاوینان خۆش خۆش بەسەری دەکەنەوە و دەچنە ناوی. زۆرێک لە گەشتیارانیش هەندێ جار لە تەنیشت ئەشکەوتەکە دا چادر لێ دەدەن و لەو کەش و هەوایە دا دەحاوێنەوە.
پردی لاتیدان
پردی لاتیدان یەکێک لەو ئاسەوارە دێرین و مێژووییەی باشووری ئێرانە کە کەوتۆتە بەشی ناوەندیی شاری بەندەرعەباس. پردی لاتیدان بە ساڵان لە ژێر خۆڵەوە بوو و حەشار درا بوو تاکوو لە ساڵی 1372وەوە بەهۆی سێڵاو و شەپۆلی باران بارینەوە لە نێزیک گوندی کەلمەتەلی(لاتیدان)ـ شاری بەندەر عەباس، پارێزگای هورموزگان ـ یەکێک لە درێژترین پردگەلی مێژوویی ئێران وەدەرکەوت. ئەم پردە لە 50 کیلۆمەتری خۆرئاوای ئێران هەڵکەوتووە و بە سەر رووباری “کوول” دا بە درێژیی و بڵندی خۆی راکێشاوە و قەفی خواردووە، ئەم پردە هەر وەکوو دەرکەوت بە پردی لاتیدا ناوبانگی دەرکردووە.
پانایی پردی لاتیدان بەهۆی درێژبوونەکەیەوە لە بەشگەل و شوێنگەلی جیاجیا دا لە بانوخوار دایە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی داڕمانی بەشی ناوەندیی پردەکە نەبوونی ئامێر و هەروەها بواریی درووست کردنی کۆڵەکە و بنەمای قورس و قایم بۆ پردەکەیە کە ئەمەش بە هۆی رەوتی پڕزەختی ئاژووان و لێخوڕینی رووبارەکە چەند قات دەبێتەوە. مەساڵح و ماتریاڵە دەکارکراوەکان بۆ درووست کردنی ئەم پردە لە بەرد و تاشەبەردی ناڕێک و چەفت و ناهەموار پێک هاتووە کە لەرێگەی ماڵاتەوە پێکەوە پەیوەست کراون.
ئەم پردە وەکوو دەڵێن لە سەردەمی شا عەباسی سەفەوی و بەهۆی سازاندنی جادە و ئاراستەیەکی کاروانڕەو هاتووەتە درووست کردن. ئەم پردە دەورێکی بەرچاوی هەبووە لە گواستنەوەی هێز و کەرستەی سەربازیی لە سەردەمی شەڕەکانی سەفەوی لەگەڵ داگیرکەرە پورتەغالییەکان دا بۆ مەبەستی ئەستاندنەوەی ئەو ناوچانەی کەنداوی فارس کە پۆرتەغالییەکان دەستیان بە سەریدا گرتبوو.
دەبێ بزانین کە درێژایی پردی لاتیدان(پردی کوول) سێ قاتی سی و سێ پردی شاری ئیسفەهانە و تاکوو ئێستاکەش هەنگاوگەلێکی کەم و کورت بۆ نۆژەنکردنەوە و قایم سازیی و راگرتنی ئەم پردە هەڵگیراوە. ئەمەش زۆر ئاشکرایە، بەشێوەیەک کاتێک لە ساڵانی 1379 و 1386 دا نۆژەنکردنەوەیەکی کرچ و کاڵی ئەم پردە دەست پێکرا بووە هۆی هەستانەو و دەرکەوتنەوەیەکی دووبارەی پردەکە.
بە هۆی ئەوەی کە ئەم پردە هەڵکەوتۆتە بەردەم ئاوەڕۆ و رێگەئاوی سێڵاوەکانەوە لە کاتی بەفر و بارین دا بارستایی و ئەندازەی ئاو لە ژێری پردەکەدا زۆر زیاد دەکات، بەم هۆیەوە دەبێت بە تەرخانکردنی بوودجەی نەتەوەیی تایبەت بۆ ئەم ئاسەوارە نەتەوەییە مێژووییە، هەنگاوەکانی نۆژەنکردنەوە و دووبارەسازاندنی ئەم پردە بە قورس و قایمی هەڵبگیرێت. پێش لەوەی کە ئەم ئاسەوارە بەهۆی سێڵاوێکی توند و خەستەوە داڕمێت و لەناو بجێت، هەر وەک چۆن بە هۆ و بە بۆنەی سێڵاوێکی توندەوە دۆزرایەوە!/.