بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” فرانسیس مۆلۆی “ باڵیۆزی ئەفریقای باشور لە تاران سەبارەت بە سکاڵاکەی وڵاتەکەی لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی و تاوانەکانی ئەو ڕژێمە لە غەززە، وتی کە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین لە چوارچێوەی مێژووی خەباتی ئەم وڵاتەدایە لە پێناو ئازادی و بۆ ئەمەش لە بەرامبەر هیچ گوشارێکدا خۆی بە دستەوە نادات.
دەقی وتووێژەکەی باڵیۆزی ئەفریقای باشور لە گەڵ ئاژانسی ئێرنا لە درێژەدا هاتووە:
بۆ ئەفریقای باشور سکاڵاکەی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە گەیاندە دیوانی دادی نێودەوڵەتی؟
ئەو دۆسیەی کە ئەفریقای باشور لە دژی ئیسرائیل گەڵاڵەی کردووە، دەبێت بە پێی ئەزموون و مێژووی ئێمە لێکدانەوەی بۆ بکرێت. لەو بڕوایەداین کە خەباتی گەلی فەڵەستین زۆر هاوشێوەی خەباتی ئێمەیە بۆ ئازادی و دادپەروەری و دژایەتی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی. بۆ نموونە، ئێمە لە زەمەنێکی دوور و درێژی 350 ساڵە، چەوساندنەوە و ڕەگەزپەرستیمان وەک ئەزموونێک هەووە، گرنگتر لە هەمووش ئەو پشتیوانییە بوو کە لە سەر ئاستی جیهان لە گەلی ئەفریقای باشور دەکرا و وڵاتانێک وەک ئێران و فەڵەستین لە خەباتمان لە پێناو ئازادی و دادپەروەری لە گەڵ ئێمە بوون.
کاتێک کە ئێمە لە ساڵی 1994 گەیشتینە ئازادی، فەڵەستین هێشتا سەرقاڵی خەباتی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بوو، سەرۆک ماندێلا وتەیەکی هەیە کە ئازادی ئێمە وەژ ئەفریقای باشور تەواو نابێت مەگەر تا ئەو کاتەی کە خەڵکانی دیکەی جیهانیش بگەنە ئازادی. هەر بۆیە دەبێت بڵێم کە هۆکاری ئەوەی کە دۆسیەکەی دژ بە ئیسرائیلمان گرتووەتە دەست، ئەم بابەتەیە. لەو بڕوایەداین کە لەم جیهانەدا شوێنی ڕەگەزپەرستی و داگیرکاری نابێتەوە. هیچ شوێنێکی جیهان نابێت خەڵک لە مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی بێبەش بکرێن، هەر بۆیە ئێمە وەک ئەفریقای باشور لە دادگای لاهای نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل سکاڵامان تۆمار کرد و بەدواداچوونی پێویستیش بۆ دۆسیەکە دەکەین.
گرنگی دۆسیەکە لەوەدایە کە ئێمە لە وەڵامی ڕووداوەکانی زیاتر لە 100 ڕۆژی ڕابردوو ئاراستەی دیوانی دادی نێودەوڵەتی کردووە. ئاشکرایە ئەوەی کە ئیسرائیل لە غەززە کردوویەتی، کۆمەڵکوژییە، ئێمە وەک ئەفریقای باشور و وڵاتانی دیکە کە ڕێکەوتنی دژ بە کۆمەڵکوژییان واژۆ کردووە، لەو بڕوایەداین کە ئەو کەسانەی کە تاوانیان لە دژی گەلی فەڵەستین کردووە، دەبێت سزا بدرێن.
ئایا بەرپرسانی ئەفریقای باشور بە پێی ئەو هەڕەشانەی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە دەکرێت، نیگەرانی کاردانەوەکانی جوڵاندنی سکاڵا لە دژی ئەو ڕژێمە نین؟
تەنیا دەتوانم بڵێم کە خەبات لە پێناوی دادپەروەری و ئازادی کارێکی هێندە ئاسان نییە، ئاشکرایە کە فەڵەستینییەکان دوژمنێکی وەهایان هەیە کە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت. ئێمە ئاگاداری ئەوە بووین کە وڵاتانێکی زۆر پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و لەو هەڵوێستەی ئێمە نیگەرانن.
لە لایەکی دیکەوە وتەبێژەکانی ئیسرائیل ئێمە بە هاوکاری لە گەڵ حەماس تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن باڵی یاسایی بزوتنەوەی حەماسین تا ئەم دۆسیە پەراوێز بخەن. بە پێی مێژوو و ئەو ئەزموونەی هەمانە، دەزانین کە خەبات لە پێناوی ئازادی و دادپەروەری ئاسان نابێت، گرنگ ئەوەیە کە نەکەوینە ژێر کاریگەری دژایەتییەکانەوە، لە بەر ئەوەی کە دەزانین لە ڕاستە ڕێگای مێژوو و دادپەروەریداین و سەرەڕای کێشە و هەڕەشەکان درێژە بە هەوڵەکانی خۆمان دەدەین.
گەلی فەڵەستین لە 75 ساڵی ڕابردوو کێشەی زۆریان هەبووە و تاوانێکی ڕێکخراو لە دژیان دەبینرێت. لەم نیشتمانەدا سەرکوتکردن، داگیرکاری و حاشاکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەبینرێت و ئەمەش زۆر سەختە. هەروەها دەبێت بوترێت بەدەر لەو دۆخە سەختەی کە بۆ فەڵەستینییەکان هەیە، دۆخەکە بۆ ئەوانەش پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین دەکەن ئاسان نییە. ئێمە دەبینین کە لە زانکۆکانی سەرتاسەری جیهان چ ڕوو دەدات، دەبینین کە بەرپرسانی وڵاتانی دیکە چ ناڕەزایەتییەک لە دژی ئەوانە دەردەبڕن پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان دەکەن، هەر بۆیە ئێمە دەزانین ئەمانە چ کێشەیەکی گەورەن و ڕوبەڕویان دەبینەوە و لە خەباتی پشتیوانی لە فەڵەستین خۆمان بە دەستەوە نادەین.
ئایا گوشار و هەڕەشەیەکی تایبەت هەیە تا ئەفریقای باشور لە دادگای نێودەوڵەتی واز لە پشتیوانیکردنی فەڵەستین بێنێت؟
تەنیا شتێک کە دەتوانم بڵێم، ئەوەیە بە پێی لێدوانی وتەبێژەکانی ئیسرائیل و هەندێک بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی دیاریکراو لەوانەوە نەبینراوە، ئێمە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەین تا بزانین چی ڕوو دەدات./.