بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری ناسراوی جیهانی عەرەب ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ملکەچی مەرجەکانی خۆڕاگری ئیسلامی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق بووە و ئەمەش هۆکارەکەی بۆ هێرشەکانی خۆڕاگری دەگەڕێتەوە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر، شەدادی، عەین ئەسەد، کۆنیکۆ، تەنەف و کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەر دەکاتە ئامانج.
ناوبراو وتی: وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە دیاریکردنی خشتەیەکی زەمەنی بۆ کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ڕاوێژکاران و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە گەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە ڕێکەوتن. حکومەتی ئەمریکا بەردەوام ئەوەی ڕەتدەکردەوە کە مەرج و داواکارییەکانی خۆڕاگریی عێراق قبووڵ بکات بەڵام زیاتربوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکە و پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بە مووشەک و درۆنی خۆکوژ، وایکرد کە واشنتن ناچار بە پاشەکشە لە مەرجەکانی بکات.
عەتوان ڕایگەیاند: وتەبێژی کەتیبەکانی سەیدئەلشوهەدا بەو فەرمانانەی بۆ هێزەکانی دەریکردووە، فەرماندەیی سەربازیی عێراقی سوپرایز کرد، فەرمانەکانیش بریتی بوون لە زیاتربوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کە بگاتە بەرزبوونەوەی زیانە مادی و مرۆییەکانی ئەو وڵاتە و لە قۆناغی دووەمدا هێرشی سەر بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی غەززە کە دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەستیپێکرد و بەندەرەکانی ئەشدود و حەیفاش بۆردومان کران.
ئەو شرۆڤەکارە عەرەبە لە درێژەدا وتی: بە تەواوی ئاشکرا بوو کە ئەم هەنگاوە کاریگەرەی خۆڕاگری ئیسلامیی عێراق لە پێناو گەمارۆی دەریاییە کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە دەریای سوور و گەروی بابولمەندەب لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێی کردووە و دوور نییە کە لە قۆناغی سێهەمدا بگاتە گەروی هورمۆز.
عەبدولباری عەتوان ڕایگەیاند: خۆڕاگری ئیسلامیی یەمەن، لوبنان و عێراق هەنگاوی کاریگەر لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی هەڵدەگرن و لە دەریا و وشکانی هاوئاهەنگی تەواویان هەیە و ئەمەش لە پێناو پلانە گەورەکەیە کە ئەویش لێدانی ئەمریکایە وەک سەری مارەکە و پشتیوانییەکانی بۆ ڕژێنی زایۆنیستی. ئەمریکا کە لە پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای سوور بۆ کەشتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی شکستی هێنا و شکستەکەش لە بەردەوامیدانی یەمەن بە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان ئاشکرا بووە و هێرشەکانیشی بۆ قووڵایی یەمەن بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەم وڵاتە کاریگەرییەکی نەبووە، لە ئێستادا داوای نێوەندگێڕیی لە چین کردووە تا هێرشەکان ڕابگرێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ڕاستە کە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زاتر لە 2500 سەرباز نییە بەڵام کشانەوەیان بۆ ئەمریکا و پێگەی لە ناوچەکە، شکستێکی گەورەیە لە پاش شکستەکەی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان. ئەمریکا کە نزیکەی 6 ترلیۆن دۆلاری لە عێراقدا بەکار هێناوە و 4 هەزار و 487 کوژراو و 32 هەزار برینداری لە شەڕی ئەم وڵاتەدا هەبووە، ڕوبەڕوی خاڵێکی کۆتایی بووەتەوە کە قەد چاوەڕوانی نەکردووە. ئەمریکا ناچارە پاشەکشە بە هێزەکانی بکات و جۆبایدن شانسی ئەوەی هەیە کە وەک ئەفغانستان تووشی سووکایەتییەکی گەورە نەبێت و کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق بەرە بەرە بکرێت. تەنیا شتێک کە دەبێت بە ئەمریکییەکان بوترێت ئەوەیە کە ئێوە تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگەن و خۆڕاگری عێراقیش ئەم ستراتیژەی بەکار هێناوە./.