بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە درێژەی ڕوبەڕوبونەوەی هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، ڕۆژی شەممە 27 ی کانوونی دووەمی 2024 بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا کرایە ئامانج.
خۆڕاگریی عێراق لە بەیاننامەیەکی دیکەدا ڕایگەیاند کە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە تەنەف و شەدادیی سوریا کراونەتە ئامانج. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دامەزراوە دەریاییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە ئامانجەکانی دیکەی هێرشەکانی خۆڕاگری بووە.
گرووپەکانی خۆڕاگریی عێراق لە کاردانەوەیان بەرامبەر بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززە، بەردەوام بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج و جەخت لەوە دەکەنەوە کە تا کشانەوەی تەواوی ئەمریکییەکان لە عێراق و ناوچەکە، بە دڵنیاییەوە درێژە بەم هێرشانە دەدرێت.
خۆڕاگری ئیسلامیی عێراق ڕۆژی شەممە جارێکی دیکە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار کردە ئامانج کە بە گرنگترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق دادەنرێت. پاش هێرشەکانیش حکومەتی عێراق بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە داوای کشانەوەی هێزە بیانییەکانی کرد.
خۆڕاگریی عێراق ڕایگەیاندووە کە ” ئەمریکا تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگات ” و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکییەکان بۆ جێبەجێکردنی پیلانە شەیتانییەکانی خۆیان تەنیا کات بە فیڕۆ دەدەن./.