بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ سەر چەند ئامانجێک لە هەولێر، وتی: سەبارەت بە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هاوکارییەکی باش لە گەڵ ئەم ناوچەیە و ئەم بەشە لە عێراق، بەڵام بە بەردەوامی لە ساڵانی ڕابردوو بەداخەوە لەم ناوچەیەوە هەڕەشەی ئاشکرا لە سەر ئاسایشی نیشتمانی و هاووڵاتیانی ئێران هەبووە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت بەرامبەر بە ئاسایشی نیشتمانی و هاووڵاتیانی خۆی بێدەنگ بێت و وتی: ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی سنورەکان و هاووڵاتیان بە لای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هێڵی سوورە و حکومەت و هێزە چەکدارەکانی ئێمە لەم پێناوەدا دەستەوەستان نابن و بەردەوام وەڵامیان هەبووە.
کەنعانی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین پشتیوانی ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بووە و پابەندبوونی ئێمە بە پاراستنی ئاسایش عێراق و پشتیوانی لە گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە بەردەوام سەلمێندراوە و پێویست بە تاقیکردنەوە ناکات.
وتیشی کە ئێران ساڵانێکە ڕاستگۆیی خۆیی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ حکومەت و گەل و وڵاتی عێراق پیشانداوە و ئەوەی سەلماندووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هەنگاوەکەی ئێران لە دژی بنکەی سیخوڕی مۆساد سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی لە هەولێر و بۆ سزادانی ئەوانە بووە کە لە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران چالاکییان کردووە نە هەنگاوێک لە دژی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان یان دەسدرێژی بۆ سەر خاک و سەروەری ئەم وڵاتە.
ناسر کەنعانی وتی: بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان و گردبوونەوەی ئەندامان و هێزەکانی مۆساد و سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی لە هەولێر و هەرێمی کوردستان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی و هاووڵاتیانی ئێران قبووڵکراو نییە و ئێمە لە چوارچێوەی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی هەنگاو دەنێین و لە هەمان کاتدا ڕێز لە دەسەڵات و سەروەری عێراقیش دەگرین./.