بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کابینەی بنیامین نتانیاهۆ بۆ ڕێگری لە تێکچوونی دۆخی شەڕی غەززە، ڕاستییەکانی زیانە ئابورییەکانی خۆی دەشارێتەوە بەڵام ئابورییەکەی ئەو ڕژێمە بە هۆی شەڕەکەوە بەرەو داڕمان دەڕوات.
ئابورییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 108 ڕۆژ بە سەر شەڕی غەززەدا ڕوبەڕوی زیانێکی قورس بووەتەوە.
کابینەکەی بنیامین نتانیاهۆ لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە کەرتی ئابوریی ڕژێمی زایۆنیستی لە زیانەکانی شەڕی غەززە بپارێزێت، بە تایبەت لە ناوچەکانی نزیک کەرتی غەززە کە بووە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و لە سەدا 75 ی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی پێویستی ڕژێمی زایۆنیستیی دابین کردووە، ئێستا ئەو ناوچەیە لە کشتووکاڵییەوە بووەتە ناوچەیەکی داخراوی سەربازی.
عامر ئەلشوبکی ئابوریناسی ئەردەنی ڕایگەیاندووە کە کۆی گشتی زیانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی شەڕی غەززەوە گەیشتووەتە 45 ملیار دۆلار.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بڵاوی دەکاتەوە تەنیا بەشێکی بچووکە زیانە ڕاستەقینەکانی ئەو ڕژێمەیە. تێچووی ئۆپەراسیۆنە ڕۆژانەکان گەیشتووەتە 280 ملیۆن دۆلار کە لە 100 ڕۆژی ئەم شەڕەدا 28 ملیار دۆلار بووە، بەدەر لەمەش تێچووی چەک و کەرەستە سەربازییەکان کە لە لایەن هێزەکانی خۆڕاگری فەڵەستینەوە لەناوبراوە و زیاتر لە هەزار تانک و زرێپۆشە و ئەمەش ئەو زیانە سەربازییانەیە کە لە ئامارەکانی ڕژێمی داگیرکاردا نەهاتووە.
ئەو شارەزا ئابورییە بە ئاماژە بەوەی کە زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەر و کرێکار لە بەشە جیاجیا ئابورییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بانگهێشتی شەڕ کراون، وتی: بەشی تەکنۆلۆژیا کە نیوەی هەناردەی ڕژێمی زایۆنیستی لە خۆ دەگرێت لە ئەنجامی شەڕی غەززە تووشی زیانێکی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بووە و بە پێی ڕاگەیاندنی میدیاکانی ئەو ڕژێمە، کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆژیا لە مانگی کانوونی دووەم زیاتر لە هەزار فەرمانبەری خۆیان دەرکردووە.
ئەلشوبکی وتی: ڕاگرتنی وەبەرهێنانی دەرەکی لە ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی شەڕی غەززەوە بووەتە هۆکاری زیانێکی 15 ملیار دۆلاری و کەرتی گەشتیاریش بە هۆی کاریگەرییەکانی شەڕەوە لە جوڵە وەستاوە و لە سەدا 75 ی داهاتی خۆیی لە دەست داوە، لە کاتێکدا کە ساڵانە 20 ملیار دۆلار داهاتی بۆ زایۆنیستەکان هەبووە.
ئەو شارەزا ئەردەنییە وتی: بڕیارەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ چۆڵکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و باکوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و نیشتەجێکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە 280 هوتێلی ناوچەکانی دیکە، لانیکەم 10 ملیار دۆلار زیانی بەو ڕژێمە گەیاندووە.
ناوبراو وت: پێدانی قەرەبوو و چارەسەرکردنی کەسانی سڤیل و سەربازە بریندارەکان، بەدەر لە پێدانی قەرەبوو بە بنەماڵەی کوژراوەکان، پێدانی مووچە بە کەمئەندامەکانی ئەم شەڕە لە خەڵکی سڤیل و سەربازی، بووەتە تێچوویەکی زیادە بۆ کابینەکەی نتانیاهۆ.
وتیشی کە کۆچی زیاتر لە 400 هەزار زایۆنیست کە مافی نیشتەجێبوونیان لە وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا هەبووە، ڕۆڵی لە دابەزینی داهاتی حکومەت و پێدانی باج هەبووە.
عامر ئەلشوبکی وتی: بڕیارەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ڕێگری لە کرێکارانی فەڵەستینی لە کەرتی خانووبەرە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ساڵی 1948 و هەڵهاتنی تایلەندییەکان لە کەرتی کشتووکاڵی نزیک غەززە لە ترسی شەڕ و پێکدادانەکان، بووەتە بارگرانییەکی زۆر بە سەر ئابورییەکەی ڕژێمی زایۆنیستییەوە.
ناوبراو وتی: بەردەوامی قەیرانی دەریای سوور و ڕێگریی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە گەیشتنی کەشتییەکانی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ بەندەرەکانی ئەو ڕژێمە بە زیانێکی دیکەی سەر ئابورییەکەی ئەو ڕژێمە دادەنرێت، زیانەکەش کاریگەریی لە سەر بەرزبوونی نرخی کاڵا و بەرهەم و پێداویستییەکانی زایۆنیستەکان هەبووە.
حسام عایش شارەزایەکی دیکەی ئابورییە کە سەبارەت بە زیانە ئابورییەکانی شەڕی غەززە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە زیانەکانی کەرتی ئابوری، سەربازی و تەکنۆلۆژیای ئیسرائیل لە شەڕەکەدا 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و هەرچی شەڕەکە درێژەی هەبێت زیانەکانیش زیاتر دەبن.
ناوبراو بەشی تەکنۆلۆژیای ڕژێمی زایۆنیستیی بە کۆڵەکەی سەرەکیی ئابوری ئەو ڕژێمە ناو برد و وتی کە پاشەکشە لەم بەشەدا بە ڕوونی دەبینرێت و داهاتەکانی کەرتی باجیش لە سەدا 80 دابەزیوە.
سەرۆکی بانکی ناوەندی ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاندووە کە تێچووی شەڕی غەززە لە بەشی بەرگری و پێدانی قەرەبوو بە ئاوارەکانی باکور و باشور کە کەوتوونەتە بەر هێرشە مووشەکییەکان، 56 ملیار دۆلارە./.