بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بێگومان هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە هەواڵگرییەکەی مۆساد لە هەولێر و هەروەها بنکەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ئیدلبی سوریا و بەلوچستانی پاکستان بە مووشەکی بالستی، لێدانێکی کاریگەر بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بووە.
ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی شکستی لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و شەڕی غەززەوە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی دەیەوێت ڕای گشتی لەم هەموو شکستە بە لاڕێدا ببات. زایۆنیستەکان هەوڵ دەدەن بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە و هێرشەکانی سەر لوبنان، سوریا یان عێراق، ئەو شکستە مێژووییەیان لە زریانی ئەقسا پەردەپۆش بکەن. لە بەر ئەوەی کە ئەم شکستە مێژووییە ڕژێمی زایۆنیستیی بەرەو لێواری ڕووخان و لەناوچوون و کۆتاییەکەی نزیک کردووەتەوە.
یەکێک لە ئامانجەکانی کابینە توندڕەوەکەی ڕژێمی زایۆنیستی شاردنەوەی شکستە گەورە و مێژووییەکەی زریانی ئەقسا و بەلاڕێدابردنی ناوخۆیی و دەرەکییە لەم شکستە، شکستێک کە سوپای ئەو ڕژێمە پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ هێشتا لە مسۆگەرکردنی بچووکترین ئامانجەکانی تێدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا نزیکەی 25 هەزار فەڵەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن شەهید کراون و غەززە بە شێوازێکی دڕندانە ڕووخاوە.
زایۆنیستەکان بە هۆی شکستەکەیان لە غەززە بە تاوانەکانی وەک شەهیدکردنی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لە دیمەشق هەوڵ دەدەن زیاتر ئەمریکا تووشی شەڕەکە بکەن تا بگەنە ڕێڕەوێک بۆ دەربازبوونیان لەم هەموو شکست و سەرشۆڕییە.
ئەگەر سوپای سوریا سەرقاڵی شەڕی تیرۆریستان، جوداییخوازەکان و گرووپە توندڕەوەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە نەدەبوو، تەل ئەبیب توانای ئەوەی نەدەبوو بەم شێوازە ئاشکرایە دەسەڵات و سەروەری ئەم وڵاتە پێشێل بکات.
بێگومان پیلان و نەخشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای ئەو هەموو بانگەشەیە کە لە شەڕی دژ بە یەمەن لە دەریای سوور و ناوچەکە و دڕندەیی زایۆنیستەکان لە ناوچەکە دەیکەن، شکست دێنێت. باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە، پەراوێزکەوتنی ئەمریکایە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت لە نێو هاوپەیمانەکانی خۆی. ئەمریکا بەدەر لە بەریتانیا هیچ پشتیوانێکی لە دەریای سوور لە دژی یەمەنییەکان نییە. لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی زایۆنیستی وەک هاوپەیمانە تیرۆریستەکەی لە دادگای نێودەوڵەتیدا لە سەر تاوانەکانی لە غەززە دادگایی دەکرێت.
خوێنی ڕاوێژکارانی ئێرانی کە بۆ بەرگری لە شوێنە پیرۆزەکان و ڕێگری لە دابەشبوونی سوریا گیانفیداییان کردووو و موڵەتی ئەوەیان نەداوە ئەم وڵاتە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی توندڕەودا بێت، هیچ کات بە فیڕۆ ناچێت و بە دڵنیاییەوە کە ئێران تۆڵەیان دەکاتەوە./.