بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژمارەیەک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی پاکستان وەک بەرپرسانی پێشووی سوپا، دیپلۆماتکارەکان، ئەندامانی پێشووی پەرلەمان و توێژەرانی بواری بەرگری، لە کۆنفرانسێکی ئۆنلایندا دوایین گۆڕانکارییان لە پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە و کۆماری ئیسلامی ئێراندا تاوتوێ کرد و جەختیان لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە کردەوە.
ژنڕاڵ تەلعەت مەسعود بریکاری پێشووتری وەزارەتی وەبەرهێنانی بەرگریی پاکستان جەختی لە سەر پێویستی چوارچێوەیەکی گەورەتر بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەش و کارامەی سنوری بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ستراتیژکییەکان بە تایبەت بازرگانی نایاسایی، قاچاخ و لەناوبردنی حەشارگەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەر دوو دیوی سنورەوە کردەوە.
ناوبراو وتی: ئێران و پاکستان دەبێت هەوڵی مسۆگەرکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی کاروباری ئەمنی لە سنورەکاندا بدەن، هەر دوو دیوی سنورەکانی ئێران و پاکستان شوێنی نیشتەجێبوون نییە و بە گەشەنەسەندوویی ماونەتەوە و لە بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکان و توندڕەوەکاندا ئاسایشێکی ئەوتۆیان نییە و ئەو گرووپانەش لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن.
ئەو ژنڕاڵەی پێشووتری سوپای پاکستان ڕایگەیاند کە لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان، دەبێت پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکان زیاتر بکرێت.
خاتوو نائیلە چۆهان باڵیۆزی پێشووی پاکستان لە وڵاتانی ئەرجەنتین و ئۆسترالیا سەبارەت بە جموجوڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە دژی پەیوەندییەکانی تاران و ئیسلام ئاباد هۆشدارییدا و وتی: بەداخەوە کە ڕۆڵی بەریتانیا لە ناوچەکە وایکردووە کە سنورە هاوبەشەکانی نێوان وڵاتان بەردەوام ئاڵۆز و ڕووی سەقامگیری بە خۆوە نابینێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: حکومەتی پاکستان و دامەزراوە ئەمنییەکانی بە شێوەی درووست ڕوبەڕوی گرووپە توندڕەوەکانی بەلوچستان بوونەتەوە بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی توتدتر لە بەرامبەر ئەوان بگیرێتەبەر.
ئەو دیپلۆماتکارەی پاکستان بڕیارەکەی وڵاتەکەیی بۆ کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە دیپلۆماسیەتی سەرکەوتوو ناو برد و وتی کە تاران و ئیسلام ئاباد دەبێت ووشیارانە ئەم قەیرانە تێپەڕێنن.
ناوبراو داوای ئەوەیکرد کە هەر دوو وڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنورییەکان بە تایبەت لە بواری ڕوبەڕوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان و گرووپە تیرۆریستییەکان، دانوستان بکەن.
فەرحەتوڵڵا بابر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی پاکستان، ستایشی هەوڵەکانی وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان کرد و جەختی لە سەر مسۆگەرکردنی ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان کردەوە.
ناوبراو سەبارەت بە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا بۆ ناسەقامگیرکردنی سنورەکانی ئێران و پاکستان هۆشدارییدا و وتی: ڕەنگە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلام لە تاوانەکانی خۆیان لە غەززە بێت.
مونیر ئەحمەد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری توێژینەوەی پەیوەندییەکانی پاکستان ستایشی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە گەڵ ئێران کردەوە و وتی: بەڕێوەبردنی نزیکەی 950 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی پاکستان و ئێران لە ڕاستیدا ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکی قورسە و دەتوانێت لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی پاڵپشتیکراوی ئەمریکاوە لە ناوچەکە بەکار بهێندرێت.
ناوبراو هەر بۆشاییەک لە هاوکارییە سیاسی، ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی هەر دوو وڵاتی لە قازانجی نەیاران و گرووپە تیرۆریستییەکان ناو برد و جەختی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە./.