بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سعود ساعدی سەرۆکی فراکسیۆنی ماف لە پەرلەمانی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی ” العالم ” ڕایگەیاند کە داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کۆتایی بە کارەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بێنێت.
ناوبراو وتی: حکومەتی عێراق دەبێت یاساکەی پەرلەمان کە لە 5 ی کانوونی دووەمی 2020 پاش تیرۆری فەرماندەکانی خۆڕاگری لە لایەن ئەمریکاوە، پەسەند کراوە جێبەجێ بکات، لە بەر ئەوەی کە ئەمە داواکاری گەلی عێراقە کە لە لایەن دەزگای یاسادانەرەوە خراوەتەڕوو. لە لایەکی دیکەوە تێڕوانینی پەرلەمان لە ئێستادا پشتیوانییە لە حکومەت بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان.
ساعدی وتی: زیاتر لە 100 واژۆ بۆ پشتیوانی لەم یاسایە و داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا و پێداچونەوە بە سەر پەیوەندییەکانی عێراق و ئەو وڵاتە کۆکراوەتەوە و لەو بڕوایەداین کە بوونی داگیرکارانی ئەمریکی بە پێچەوانەی سەرجەم یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: پەرلەمانی عێراق هەر دەرفەتێک بۆ مسۆگەربوونی ئامانجی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێ دەکات و جارێکی دیکە ڕەشنووسی یاسای دەرکردنی هێزی بێگانە لە عێراق ئامادە دەکرێت.
وتیشی کە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە سەربەخۆیی، سەروەری و بنەما نیشتمانییەکان پێویستیان بە زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانی نییە و دەنگی نیوە کۆ یەکی پەرلەمانتاران بۆ ئەمە پێویستە، بە تایبەت ئەوەی کە خەڵک بە گشتی داوای دەرکردنی ئەمریکییەکان دەکەن و گوشارەکانی ئەوان بۆ کۆتایی هێنان بە بوونی هێزی بێگانە زیاتر بووە.
سعوود ساعدی وتی: پەرلەمان و بە تایبەت من داوامان لە وەزیری دەرەوە کردووە کە ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سەبارەت بە نەبوونی سکاڵای عێراق لە دژی ئەمریکا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ڕوونکردنەوە بدات بە تایبەت ئەوەی کە ئەم بابەتە لە ڕیزی ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراقە.
ناوبراو وتی: هیچ کەسێک لە عێراق زانیاری تەواوی لە سەر ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا، چەک و کەرەستەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەوان نییە، ئەگەرچی ژووری هاوبەشی ئەمنی هەیە بەڵام لایەنی ئەمریکی بە بێ ئاگاداری حکومەت و هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەنگاو دەنێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: ناوچەکە بەدەر لە شەڕە بەردەوامەکانی غەززە یان هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر سوریا و یەمەن، بە هۆی بوونی هێزەکانی ئەمریکاوە بەردەوام ئاڵۆز و بە دوور لە سەقامگیری بووە و بوونی ئەمریکییەکان هۆکاری سەرهەڵدان و بەهێزبوونی گرووپە تیرۆریستییەکان بووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی ماف لە پەرلەمانی عێراق وتی کە زایۆنیستەکان لە مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی خۆیان لە شەڕی غەززە شکستیان هێناوە و هەوڵ دەدەن بە خوڵقاندنی شەڕ و قەیرانی نوێ لە ناوچەکە، ڕای گشتی لە شکستەکان بەلاڕێدا ببەن.
ساعدی وتی: زایۆنیستەکان هەوڵ دەدەن کە قەیرانەکانی خۆیان هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە بکەن، ئەمەش بە هاوکاری ئەمریکا دەبێت تا ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی هەناسەیەک بدات و بەدەر لەمەش وڵاتانی وەک ئێران، لوبنان، عێراق و یەمەن تووشی کێشەی ئەمنی بکەنەوە.
ناوبراو وتی: هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا و شەهیدکردنی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی هەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی شیعەی عێراقی بە دواوە بووە و خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بە توندی ڕقی خۆیان لە بەرامبەر ئەمریکا و سیاسەتەکانی پیشاندا، بە تایبەت هەڵوێستی سەرۆک وەزیران کە ڕایگەیاند حەشدی شەعبی بەشێکی دانەبڕاوی هێزە چەکدارەکانی عێراقە.
ساعدی وتی: یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پێویستی کۆتایی هێنان بە بوونی سەربازیی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە کە ڕایگەیاندووە عێراق بە پشت بەستن بە هێزە چەکدارەکانی خۆی دەتوانێت ڕوبەڕوی هەر کێشە و هەڕەشەیەکی ئەمنی ببێتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: هەڕەشەکانی ئەمریکا دەرفەتی نوێی بە ڕووی عێراقدا کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی بەرەی ڕۆژهەڵات وەک ڕووسیا و چین بەهێزتر بکات و چیدی ئەوە قبووڵ ناکرێت کە ئەمریکا دەست بە سەر سەروەت و سامانی عێراقدا بگرێت و خوێنی ڕۆڵەکانی بڕێژێت.
ساعدی وتی: ئەو هەڕەشانەی ئەمریکییەکان پیشاندەری ئەوەیە کە ئەوان بەرژەوەندییەکانی عێراقیان ناوێت و لە پشتەوەی سەرجەم قەیرانە ئەمنی، سیاسی و ئابورییەکانی عێراقەوە ڕۆڵیان هەیە./.