بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدوڵڵا زارعی شارەزا لە کاروباری نێودەوڵەتی سەبارەت بە تەقینەوە تیرۆریستییەکەی شاری کرمان لە ساڵیادی تیرۆری شەهید سولەیمانی، وتی: ئامادەکاری و قەبارەی کردەوە تیرۆریستییەکە بە شێوازێکە کە دەتوانین بڵێین لە توانای گرووپێکی تیرۆریستیی وەک داعشدا نییە کە لە ئێراندا پێگەیەکی نییە و ناتوانێت بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە پشتیوانی خەڵکی هەبێت.
ناوبراو وتی: ئێمە لە کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری کرمان چەندین دەستی تێکەڵکراو دەبینین، بە شێوازێک کە زایۆنیستەکان لە پاش ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ڕایانگەیاند ئەو وڵات و لایەنانەی پشتیوانی لە خەڵکی غەززە دەکەن دەبێت چاوەڕوانی سزا و باجی ئەم پشتیوانییە بن، هەر بۆیە ئاشکرایە کە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی دەرەکی لە پشتی تاوانە تیرۆریستییەکەی شاری کرمانەوە بوون و گرووپە تیرۆریستییەکانیش تا ئەوەی کە دەتوانن دەکەونە خزمەتی ئەم دەزگا هەواڵگرییانە.
ئەو شارەزا نێودەوڵەتییە وتی: کردەوە تیرۆریستییەکەی کرمان بە کردەوەیەکی هاوبەش دادەنرێت، لە لایەکەوە تۆڵەسەندنەوەیەک بووە، بە پێی ئەوەی کە شەهید سولەیمانی ئاڵاهەڵگری شکستی پیلانەکەی ئەمریکا لە ناوچەکە، واتە پێکهێنانی گرووپی تیرۆریستی داعش، بوو و لە لایەکی دیکەوە ئەم کردەوە تیرۆریستییە چەشنێک هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو تا واز لە پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە بێنێت.
زارعی وتی: هێزە زاڵمەکانی وەک ئەمریکا بوونەتە پێکهێنەر و پشتیوانی ئەو ڕژێمە و گرووپە تیرۆریستییانەی کە لە سەر بنەمای کوشتاری مرۆڤەکان چالاکی دەکەن و ئەمەش بۆ خەڵکی جیهان بە گشتی ڕوون بووەتەوە.
ناوبراو وتی: کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا خۆی بە زمانی خۆی ئەمەی ڕاگەیاندووە کە ” من پایتەخت بە پایتەخت گەڕام و بناغەی دامەزراندنی گرووپە توندڕەوەکانم لە جیهانی ئیسلامدا دانا و لە ئاکامدا داعش پێکهێنرا و ئەو وڵاتانەش کە لە گەڵ ئێمەدا نەبوون، لە لایەن ئێمەوە بوونە قوربانیی داعش.
سەعدوڵڵا زارعی وتی: ئەمە سرووشت و لۆژیکی هێزە دەسەڵاتدارەکانی سیستەمی نێودەوڵەتییە و تا بە ئەمڕۆ بەردەوامە و هیچ جێی سەرسوڕمان نییە کە دەبیسین ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش لە میانەی شەڕی سوریا لە نەخۆشخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا چارەسەر دەکران، یان ئەمریکییەکان لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا پشتیوانییان لە ئەندامانی داعش دەکرد و ئەوانیان نیشتەجێ دەکرد و نەخۆشخانەیان بۆ ئەوان دابین دەکرد و ئەو هەموو پشتیوانییە لە بواری ئەلیکترۆنی و پەیوەندییەکان کە کراوە، ئەمەش خاڵی شاراوە نییە و هەر ئێستاش بەردەوامە./.