بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی وتارێکی لە کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس وتی کە گەلی عێراق سەرکەوتووانە قەیران و کێشەکانی ساڵانی ڕابردوویان تێپەڕ کردووە و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە لە پێناو پێشکەوتن و دابینکردنی دەرفەتی نوێ هەنگاو دەنێن.
ناوبراو بە ئاماژە بە پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ شەڕی دژ بە داعش، وتی: هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ئێستادا ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەپارێزن و بۆ ئەمەش دانوستانەکان لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانیان دەستیپێکردووە.
سودانی وتی: پاش ئەو هێرشانەی کە کرایە سەر چەند بارەگایەکی سەربازی لە عێراق، دانوستانەکان بۆ دیاریکردنی خشتەی کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێکردووە و ئەمەش داواکاری خەڵکە و حکومەت لە سەر ئەم بابەتە جیدییە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندی دۆستانەی عێراق و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کۆتایی ئەرکەکانی ئەو هێزانە بە پێویست دادەنرێت./.