بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” ئاڵۆزتربوونی دۆخی دەریای سوور بەدەر لە ئابوریی ڕژێمی زایۆنیستی، بە ڕادەیەکی زۆریش کاریگەریی لە سەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە “. ئەمە لێدوانی عەسام موقبەل ئابوریناسی عەرەبە.
ماڵپەڕی العربی الجدید ڕایگەیاندووە کە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە پاش هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی یەمەن، پەرەی بە ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور و بابولمەندەب داوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەمەنییەکان ڕایانگەیاندووە چالاکییەکانی ئەوان تەنیا لە دژی ڕژێمی زایۆنیستییە.
العربی الجدید لە سەر زاری شارەزایانی ئابورییەوە ڕایگەیاندووە کە پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکە، کاریگەری جیدیی لە سەر بازاڕەکان و بازرگانی نێودەوڵەتی دەبێت.
عەسام موقبەل شارەزا و ئابوریناسی عەرەب بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە کە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لێکەوتەو و کاریگەریی لە سەرجەم بوارەکاندا دەبێت، زیان بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و بازرگانی دەریایی دەگەێنێت و تێچووی گواستنەوە و بیمەی بازرگانی دەریایی بەرزتر دەکاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە یەمەن نیازی وەڵامدانەوەی دەسدرێژییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هەیە و بەردەوام ڕێگری لەو کەشتییانەش دەکات کە ئامانجیان بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە.
ئەو شارەزا ئابورییە بە ئاماژە بەوەی کە زۆربەی بازاڕەکانی جیهان لە ئێستادا هەستیان بە لێکەوتەکانی ئاڵۆزبوونی ڕەوشی دەریای سوور کردووە، ڕایگەیاند کە هێرەشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکای یەمەنییەکان لە دەریای سوور کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە و لە ئێستادا واشنتن و لەندەن نیگەرانی ئەوەن زیانی زیاتر بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان بگات.
العربی الجدید لە سەر زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لە سەنعا ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە تشرینی دووەمی ڕابردووەوە تا ئێستا 17 کەشتییان ئاگادار کردووەتەوە کە ئامانجیان گەیشتن بە بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بووە و 12 کەشتی لەوانەش کە گرنگییان بە هۆشدارییەکان نەداوە بە زەبری هێز ڕاگیراون.
ماڵپەڕەکە لە سەر زاری شارەزایانی ئابورییەوە ڕایگەیاندووە کە چالاکییە سەربازییەکانی یەمەن لە دەریای سوور زیانێکی زۆری بە ئابوری ڕژێمی زایۆنیستی گەیاندووە، بە تایبەت ئەوەی کە چالاکییەکانی بەندەری ئیلات وەک یەکێک لە بەندەرە گرنگە ئابورییەکانی ئەو ڕژێمە داگیرکارە لە دەریای سوور بە تەواوی و بە هۆی ڕێگری لە گەیشتنی کەشتییەکان، ڕاگیراوە. بەدەر لەمەش ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان ڕێگری لەوە دەکەن کەشتییەکانیان بەرەو بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بنێرن لە بەر ئەوەی کە گواستنەوەی دەریایی کە تەل ئەبیب و هەناردە و هاوردەی پێویستی پێی هەیە، لە بەندەری ئیلات ڕاگیراوە.
موراد مەنسور توێژەری ئابوری یەمەنی بە العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان بەرەو ڕژێمی زایۆنیستی ڕابگرن، وەک چۆن کە کەشتییە چینییەکان و وڵاتانی دیکەش ئەمەیان کردووە.
ڕەشید حەداد کە شارەزایەکی کاروباری ئابورییە، ڕایگەیاندووە ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە بازرگانییەکان بە هۆی ئەوەی کە ئامانجیان وڵاتانی دیکە بووە لە دەریای سوور بە پارێزراوی تێپەڕ بوون، لە بەر ئەوەی کە یەمەنییەکان بە هۆی شەڕی غەززەوە تەنیا ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە بەرەو بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەڕۆن.
ڕاشیگەیاندووە کە بایکۆتکردنی کاڵای وڵاتانی پشتیوانی ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن یەمەنییەکانەوە هەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە هۆی گرنگیدانی ئەوان بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ پەرەسەندنی پیشەسازییە خۆماڵییەکان./.