ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی چەندین وڵاتی دیکە هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر چەند ناوچەیەکی یەمەن، ڕۆژی دووەمی هێرشەکانیش ئەمریکا بە تەنیایی هێرشی کردە سەر بنکەی سەربازی ” الدیلمی ” و وەک چۆن کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە دامەزراوە ڕادارییەکانی یەمەن کراونەتە ئامانج. ئەمەش هەمان شوێنە کە رۆژی یەکەم بۆردومان کرا و پیشان دەدات کە ئەمریکییەکان بە ئامانجی خۆیان نەگەیشتوون، لە بەر ئەوەی کە هێرشەکان پشتی بە زانیاری کۆن بەستووە. هەروەها ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکای لای ڕای گشتی ئاشکراتر کردووە، بە تایبەت لای موسڵمانانی جیهان و بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە واشنتن تەنیا بەرگری لە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی دەکات و وەک بریکاری ئەو ڕژێمە شەڕی وڵاتانی دیکە دەکات.
ئەمریکا لە جێی قبووڵکردنی ڕاستییەکانی هاوکێشەی یەمەن کە زیاترکردنی گوشارەکانی سەر ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ ڕاگرتنی کوشتاری خەڵکی غەززە و کردنەوەی ڕێڕەوەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەوان، هەوڵ دەدات بە شەڕ و ئاژاوەگێڕی لە دەریای سوور و هێرشی سەر یەمەن، ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی دەرفەتێکی زیاتری بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین بە تایبەت لە غەززە هەبێت، بابەتێک کە ڕەنگە ناوچەکە بەرەو چارەنووسێکی نادیار ببات.
هێرشەکانی یەکەم و دووەم لە دژی یەمەن ئەوەی پیشاندا کە ئەمریکا بە چ ڕادەیەک لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پەراوێز کەوتووە و ڕوبەڕوی شکستی سیاسی و دیپلۆماسی بووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو تەنانەت ڕەزامەندی ئەوانەی بە دۆست و هاوپەیمانی خۆی ناویان دەبات بە دەست بێنێت تا پێکەوە بەشداری لە شەڕی یەمەندا بکەن. ئەمریکا تەنانەت لەوەشدا شکستی هێنا کە وڵاتانی ئەورووپی بکاتە ئەندام لە هاوپەیمانییە دەریاییەکەی دژ بە یەمەن و وڵاتانی ئەورووپی لەو بڕوایەدان کە چالاکییە سەربازییەکانی یەمەن لە دەریای سوور هەڕەشە لە سەر ئاسایشی دەریایی دانانێت بەڵکوو تەنیا زیان بە ئیسرائیل دەگەێنێت، ئەو ڕژێمەی کە بە هۆی تاوان و کوۆمەڵکوژییەکەی لە غەززە لە دادگای لاهای نێودەوڵەتی دادگایی دەکرێت.
کاتێک ئەمریکا ڕێگاچارە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە بەرچاو ناگرێت و لە بەرامبەر پرسە هەستیارە نێودەوڵەتییەکاندا تەنیا هێزی سەربازی بەکار دێنێت، لە ڕاستیدا بە کردەوە ڕایدەگەێنێت کە بووەتە جێگرەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی کە دەتوانێت بە بێ موڵەتی هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی، هەر وڵاتێکی جیهان بکاتە ئامانج و هێرش بکاتە سەر هەر وڵاتێک و داگیری بکات. ئەمەش بووەتە هۆی بەهێزبوونی هەڵوێستی یەمەنییەکان کە بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگەن.
ئەمریکای تاوانبار پێویست بوو پێش هەر هەڵەیەک لە بەرامبەر یەمەن، سەرەتا مێژووی ئەم وڵاتە و خەڵکەکەی بخوێنێتەوە، هەروەها دەبوو مێژووی سیاسەتی شکستخواردووی خۆی لە دەسدرێژی بۆ سەر گەلان و وڵاتان جارێکی دیکە بخوێنێتەوە. ئایا تا ئێستا گەلی یەمەن لە بەرامبەر وڵاتانی تاوانبار و داگیرکار هەرچەندە زلهێزیش بن، سەری نەوی کردووە؟ ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر یەمەن، بە شکست و سەرشۆڕی گۆڕەپانەکەی بە جێهێشتووە، لە کاتێکدا کە یەمەن سەرکەوتووانە لە هەر شەڕێک هاتووەتە دەرەوە.
ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت مێژووی سەرجەم شکستەکانی خۆیان لەبیر بێت تا ببێتە وانەیەک بۆ ئەوان و هەڵەکانیان لە یەمەن دووبارە نەکەنەوە، هەرچەندە تا ئەو کاتەی کە لۆبییەکانی زایۆنیست بڕیاربەدەستی سەرەکی لە ئەمریکا بن، ئەمە تا ڕادەیەک ئەستەم دەبێت./.