بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فریشتە فزونی ڕایگەیاند کە ئەم تایبەتمەندییە گرنگەی هێلکە بە هۆی هەبوونی سەرچاوەی خۆراکیی کەم وێنە بە تایبەت پرۆتینی بەکوالیتی و ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامینەکان و مادە کانزاییەکانە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هێلکە زۆربەی ڤیتامینەکانی پێویستی جەستەی هەیە و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەنی ڤیتامینەکانی A و B یە و پێویستی جەستە بە ڤیتامین E بە ڕێژەیەکی زۆر دابین دەکات.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندرووستی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە دەیەکانی ڕابردوو گرنگییەکی ئەوتۆ بە خواردنی هێلکە لای خێزانەکان نەدەدرا و هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە وایاندەزانی خواردنی دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕێژەی کۆلیسترۆڵی خوێن و بەمەش نەخۆشییەکانی دڵ ڕوو لە زیادبوون دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بۆ هاندانی خەڵک بەرەو خواردنی هێلکە، درووشمی ” هەر کەسێکی تەندرووست، رۆژانە یەک هێلکە ” گەڵاڵە کراوە و خواردنەکەشی بۆ ئەو کەسانەی کە هەستیارییان پێی نییە، بە تایبەت لە ژنانی دووگیان و ئەو ژنانەی شیر بە کۆرپەلەکەیان دەدەن، منداڵان و مێرمنداڵان، وەرزشوانان و تەنانەت بەتەمەنە تەندرووستەکان، زۆر باشە.
فریشتە فزونی ڕایگەیاندووە کە خواردنی یەک هێلکەی ڕۆژانە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی تەندرووستییان نییە، زۆر باشە، ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی وەک شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن، قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دیکەیان هەیە، دەبێت ڕێژەی خواردنی هێلکەیان بە ڕاوێژ لە گەڵ پزیشکدا بێت بەڵام بە گشتی خواردنی سێ هێلکە لە هەفتەیەکدا کێشەیەک درووست ناکات.
ڕاشیگەیاندووە کە دەبێت لە گەڵ خواردنی هێلکەدا خواردنە چەور و سوێرەکان بەکار نەهێندرێت و شێوازی درووستکردنی هێلکەکەش بە بێ بەکارهێنانی زەیت بێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە پێدانی هێلکەی خاو یان ئەو هێلکەی بە باشی نەکوڵاوە بە منداڵان قەدەغەیە./.