بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئێران لە ساڵی 2023 دا ڕۆژانە 2 ملیۆن و 870 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
بەو پێیەش بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە 330 هەزار بەرمیل بەرزبوونەوەی هەبووە. بە پێی ئامارەکانی ئەم دامەزراوە ئەمریکییە، ئێران لە ساڵی 2022 دا ڕۆژانە 2 ملیۆن و 540 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئۆپێک لە ساڵی 2023 دا بە گشتی ڕۆژانە 26 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
لە نێو 12 ئەندامی ئۆپێکدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی 7 وڵات لە ساڵی 2023 دابەزی و 4 وڵاتیش ڕێژەکەیان بەرز کردووەتەوە و یەک وڵاتیش بە بێ گۆڕانکاری ماوەتەوە.
زیاترین ڕێژەی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک لە ساڵی 2023 بە 330 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لای ئێران بووە و پاشان لیبیا بە 170 هەزار بەرمیل و نایجڕیا بە 140 هەزار بەرمیل و ڤەنزوێلا بە 70 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ناویان هاتووە.
زیاترین ڕێژەی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتیش لای سعوودیە بووە. ئەو وڵاتە لە ساڵی 2022 ڕۆژانە 10 ملیۆن و 430 هەزار بەرمیل نەوتی هەبووە کە لە ساڵی 2023 گەیشتە 9 ملیۆن و 540 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقیش ڕۆژانە 4 ملیۆن و 320 هەزار بەرمیل بووە.
ئێران لە پاش سعوودیە و عێراق لە ساڵی 2023 گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک بووە./.