بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سەید ئەحمەد لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: پاش 100 ڕۆژ لە شەڕی غەززە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە خۆڕاگری قارەمانانەی فەڵەستین سەرکەوتنی لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی بە دەست هێناوە و دوژمن تا ئێستا هیچ ئامانجێکی بۆ مسۆگەر نەبووە.
ناوبراو ڕایگەیاند: هێز و ئیرادەی خۆڕاگریی فەڵەستین و بەردەوامبوونی ئەوان لە گۆڕەپانەکەدا وایکردووە کە دوژمنی زایۆنیستی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شکست بێنێت، ئەو ئامانجانەی کە زایۆنیستەکان لە سەرەتای شەڕی غەززە دیارییان کردووە هێندە گەورەن کە نەک تەنیا لە ئێستادا بەڵکوو لە داهاتووشدا بەشێک لەوان بەدی ناکرێت.
محەممەد سەید ئەحمەد وتی: لە ئەنجامی ئەم خۆڕاگرییە، دوژمن ناچار دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە گەڵ گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین بچێتە دانوستانەوە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی سەرەتا وایدەزانی کە بە ئاسانی بە ئامانجەکانی دەگات بەڵام بە بینینی هێز و ئیرادەی خەباتگێڕانی فەڵەستینی تووشی سوپرایزێکی گەورە بووە و بەشێک لەمەش بۆ نەبوونی زانیاری سەبارەت بە خۆڕاگری دەگەڕێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە میسرییە هەروەها وتی: خۆڕاگریی فەڵەستین لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان و ژێرزەوینیدا شارەزایی و لێهاتوویی تەواوی هەیە و سوپای ڕژێمی زایۆنیستی و سوپای وڵاتانی جیهانیش توانای وەهایان نییە.
خۆڕاگری بە بەردەوامیدان بەم شەڕە سەرکەوتووتر دەبێت
محەممەد سەید ئەحمەد وتی: خۆڕاگری لە تونێلەکانی ژێر زەوییەوە ئەم شەڕە بەڕێوە دەبات و شارەزاییەکی تەواوی لە شەڕی شارەکان و کۆڵان بە کۆڵاندا هەیە،ناوچەکە بە باشی دەناسێت و بە شەڕی لەم جۆرە دەتوانێت بە سەر دوژمنی زایۆنیستیدا زاڵ بێت.
ناوبراو وتی: هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام، ئەفغانستان و عێراق ڕوبەڕوی وەها هێزێک بوونەوە و شکستیان هێنا و هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش تووشی هەمان چارەنووس لە غەززە دەبنەوە.
شارەزا و شرۆڤەکارە میسرییەکە لە درێژەدا وتی: پاش 100 ڕۆژ لە شەڕی غەززە و بە هاوکاری خۆڕاگریی لوبنان، یەمەن و عێراق دەبینین کە دوژمن لە پاشەکشەدایە و دۆخی خۆڕاگریی فەڵەستینیش زۆر باشە.
وتیشی کە خۆڕاگریی فەڵەستین لە غەززە توانای بەردەوامیدان بەم شەڕەی بۆ ماوەیەکی زۆر هەیە لە کاتێکدا کە دوژمنی زایۆنیستی ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
لێهاتوویی یەمەنییەکان
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووی مرۆیی و کەرەستە و پێداویستییەکانەوە تووشی زیانێکی زۆر بووە کە تەنانەت میدیاکانی ئەو ڕژێمەش دانیان بەوەدا ناوە.
محەممەد سەید ئەحمەد وتی: لە ڕووی سیاسیشەوە شارۆچکەنشینەکانی زایۆنیست بە هۆی نەبوونی ئاسایش و سەقامگرییەوە ڕەخنەیەکی زۆریان لە حکومەتەکەی نتانیاهۆ گرتووە و داوای کۆتایی هێنان بە کابینەکەی دەکەن.
ناوبراو وتی: پەیوەندی گرووپەکانی خۆڕاگری لە وڵاتانی دیکە بە پێی ستراتیژی یەکڕیزی گۆڕەپانەکان ڕۆڵی گرنگی لە کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر خۆڕاگریی فەڵەستین لە غەززە هەبووە، بە جۆرێک کە خۆڕاگریی لوبنان لە دووەم ڕۆژی شەڕەکەوە لە گۆڕەپانەکەدایە و ژمارەیەکی زۆر لە هێزە سەربازییەکان لە یەکەی ئاسمانی و دەریایی و وشکانی و مووشەکیی ناچار کردووە کە بەرەی باکوری فەڵەستین بمێننەوە.
وتیشی کە مانەوەی 120 هەزار لە هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سنورەکانی لوبنان وایکردووە کە گوشارەکانی سەر خۆڕاگریی غەززە کەم ببێتەوە بەڵام هاتنی یەمەن بۆ گۆڕەپانی ئەم شەڕە گورزێکی کاریگەریی لە دوژمنی زایۆنیستی و تەنانەت ئەمریکا وەک پشتیوانی ئەو ڕژێمە داوە.
محەممەد سەید ئەحمەد وتی: بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قارەمانێتییەی یەمەنییەکان، ئەمریکا و بەریتانیا چەندین هێرشیان کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ئیرادە و وردەی یەمەنییەکان و هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە نابێت.
ئەو شارەزا سیاسییە وتی: یەمەن بە هاتنی بۆ شەڕەکە و زاڵبوونی لە دەریای سوور، نەخشەیەکی نوێی بۆ ناوچەکە داڕشتووە و بە چالاکییەکانی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تووشی کێشەیەکی گەورە بوون.
خۆڕاگریی عێراق و بەردەوامیدان بە هێرشەکان
محەممەد سەید ئەحمەد وتی: خۆڕاگریی عێراقیش ڕۆڵی گرنگی لە هاوکاریکردنی فەڵەستینییەکاندا هەبووە و تا ئێستا هێرشی کاریگەری بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا هەبووە.
ناوبراو وتی: ستراتیژی یەکڕیزی گۆڕەپانەکان لە لایەن گرووپەکانی خۆڕاگرییەوە لەم هەلومەرجەدا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە و لە ئەنجامدا دەگاتە کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی سەر غەززە.
ئەو شرۆڤەکارە میسرییە لە کۆتاییدا وتی: ئەم ستراتیژە دوژمنی زایۆنیستی ناچار دەکات بە بێ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ڕێگای سەربازییەوە، بۆ مێزی دانوستان بگەڕێتەوە و بە هۆی ناڕەزایەتی زایۆنیستەکان لە بنیامین نتانیاهۆ، ڕەنگە حکومەتەکەی لە ئەنجامی شەڕی زریانی ئەقسای فەڵەستینییەکان بڕووخێت./.