بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ یەک شەممە 14 ی کانوونی دووەمی 2024 هاوکاتە لە گەڵ تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بە سەر شەڕی غەززەدا و بە درێژخایەنترین شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی هەژمار دەکرێت و بووەتە کارەساتێک بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی ئەم ناوچەیە.
فیلیپ لازارینی بەڕێوەبەری ئاژانسی هاوکاری و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئاوارەکانی فەڵەستین لە سەر ئەم بارودۆخە ڕایگەیاندووە کە فەڵەستینییەکان کەوتوونەتە بەر مەترسی کۆچی زۆرەملە کە لە ساڵی 1948 تا ئێستا کەم وێنەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لە دانیشتووانی غەززە چوونەتە پەناگەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئاوارەکانی غەززە بە ناچار لە دۆخێکی نامرۆییدان و لە 100 ڕۆژی ڕابردوو مردن، ڕووخان، کۆچکردن و ئاوارەبوون، برسێکی و ئێش و ئازاری خەڵک بەردەوام بینراوە.
ڕاشیگەیاند کە 100 ڕۆژی ڕابردوو وەک 100 ساڵ بۆ دانیشتووانی غەززە تێپەڕ بووە و کەمتر کەسێک لەم ناوچەیە هەیە کە هەست بە ئێش و ئازاری جەستەیی و دەروونی نەکات./.