بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە وتارێکی بە بۆنەی یادی شەهید وەسام حەسەن تەویل لە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان، ڕایگەیاند کە دوژمنی زایۆنیستی بەردەوام لە هەر سێ بەرەی غەززە، کەرتی خۆرئاوا و لوبنان تووشی شکست دەبێتەوە و بەدەر لەمەش زیانە ئابورییەکان و تێچووی ئاوارەکانی زایۆنیست بووەتە کێشەیەکی دیکەی بەردەم حکومەتەکەی نتانیاهۆ.
ناوبراو بە ئاماژە بە چالاکییەکانی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە دەریای سوور، وتی: ئەوەی کە لە دەریای سوور ڕوو دەدات گورزێکی کوشندەیە لە دوژمنی زایۆنیستی و شکست و لاوازییەکانی ئەم ڕژێمەی زیاتر دەررخستووە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە دادگاییکردنی ڕژێمی زایۆنیستی لە لاهای وتی: ئەمە ڕووداوێکی گرنگە و هەر ئەنجامێکی هەبێت، کەم وێنەیە و ڕژێمی زایۆنیستیی نیگەران و تووشی کێشە کردووە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان وتی: گیانفیدایی و خوێنی زوڵملێکراوان هیچ کات بە فیڕۆ ناچێت و دەسکەوتی ڕیشەیی و سەرەکی مسۆگەر دەکات، 100 ڕۆژ بە سەر شەڕدا تێپەڕ بووە و دوژمنی زایۆنیستی تووشی زیانێکی زۆر بووە.
وتیشی کە زایۆنیستەکان هیوایان بە گەڕاندنەوەی دیلەکانی خۆیان لە لایەن ئەم ڕژێمەوە نەماوە و ڕای گشتی ئیسرائیل کە پێشتر بەرگریی لە شەڕ دەکرد بەرە بەرە پشتیوانییەکانی کەمکردووەتەوە./.