بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە 14 ی کانوونی دووەمی 2024 لە یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زریانی ئەقسا کە لە شاری تاران بەڕێوەچوو، وتی:ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە فەڵەستین پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلامە و ئازادی قودسی پیرۆزیش یەکەمایەتی موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامییە.
ناوبراو چارەسەری کێشەی فەڵەستینی بە خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی ناو برد و وتی: ئەگەری ڕەوتی زاڵم گرنگی بە لۆژیک و دانوستان نادات تەنیا لۆژیک لە بەرامبەریدا خۆڕاگرییە. ئەمڕۆ سەرکەوتوو و براوەی شەڕی زریانی ئەقسا فەڵەستینە و شکستخواردووی ئەم گۆڕەپانەش ڕژێمی زایۆنیستی و ئەوانەن کە پشتیوانی لە تاوانەکانی دەکەن. دەبێت کێشەی فەڵەستین بە زوڵمێکی زیاتر لە 75 ساڵە لە بەرامبەر ئەم گەلە بزانین.
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە فەڵەستین و گرووپانەکانی خۆڕاگرییە
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەردەوام بە ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا پشتیوانی لە فەڵەستین و گرووپەکانی خۆڕاگری بنەمایەکی گرنگە، چۆن دەتوانین لە بەرامبەر ئەو هەموو زوڵمە کە لە خەڵکی فەڵەستین دەکرێت بێدەنگ بین، دەبێت پشتیوانی لەو کەسانە بکرێت کە بەرگری لە خۆیان و ئائین و خێزانەکانیان دەکەن، ئەو بەرگرییەی کە بە ڕەوا و یاسایی دادەنرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختیکردەوە کە دەبێت کۆتایی بە داگیرکاری فەڵەستین بهێندرێت و داگیرکار سزا بدرێت و قەرەبووی فەڵەستینییەکانیش بکرێتەوە.
ناوبراو وتی: بەردەوامی داگیرکاری نابێتە هۆی ماف و ڕەوایەتی و هیچ سیستەمێکی یاسایی لە جیهاندا نییە کە داگیرکاری بە ماف و ڕەوایەتی بزانێت.
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، ئاسایشی بە دواوە نابێت
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئاڵای بەرگری لە فەڵەستین لە لایەن دامەزرێنەری گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵکرا و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش هیچ پاشەکشەیەکیان لە هەڵوێستەکاندا نەکردووە و بەرامبەر بەوانەی کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ زایۆنیستەکان ئاسایی کردووەتەوە، وتیان کە ئاساییکردنەوە و سازشت لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی نابێتە هۆی دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەوان و ئەو ڕژێمە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ڕەوتی سازشت یان بیرۆکەی وازهێنان لە مافەکانی گەلی فەڵەستین شکستی هێناوە، کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین و ڕێکەوتنەکانی کەمپ دەیڤید، شەرموشێخ و ئۆسلۆ شکستی هێناوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی پابەندی هیچ ڕێکەوتن و یاسایەک نییە و تا ئێستا زیاتر لە 400 ڕێکەوتن و بڕیار و یاسای نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە.
ئەمریکا مافی مرۆڤ بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی خۆی بەکار دێنێت
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمڕۆ موسڵمانان بۆ بەرگری لە فەڵەستین ئامادەن، دەبێت ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا و وڵاتانی پشتیوانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە و جیهان ڕوون بکرێتەوە کە ئەوانە لە مافی مرۆڤ بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانیان کەڵک وەردەگرن و مافی مرۆڤ بووەتە بیانوویەک بۆ ئەو وڵاتانە.
مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانی بڕیاری دادپەروەرانەی دادگای نێودەوڵەتیدایە
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دانیشتنی دادگای نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، وتی: زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن ئەم دادگایە بە لاڕێدا ببەن، من پەیامێکم بۆ دادوەرەکانی دادگای نێودەوڵەتی هەیە کە لە بەرامبەر خودای گەورە و ویژدانی مرۆڤایەتی و مێژوو و داهاتوو بەرپرسیاریەتییان هەیە و پێویستە بەرامبەر بەو زوڵمەی کە لە گەلی فەڵەستین بە تایبەت لە غەززە دەکرێت وەڵامدەرەوە بن./.