بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عاموس هێرئیل شرۆڤەکاری کاروباری سەربازی لە ڕۆژنامەی هائارێتس، لە نووسینێکدا بە ئاماژە بە شکستەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕژێمە لە گەڵ ئامانجە ڕاگەێندراوەکانی سەرەتای شەڕدا مەودایەکی زۆری هەیە.
لەو نووسینەدا هاتووە کە پاش تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ لە شەڕی دژ بە حەماس، ئامانجە ڕاگەێندراوەکانی ئیسرائیل نەک تەنیا مسۆگەر نەبووە، بەڵکوو مەودایەکی زۆریش تا مسۆگەربوونی هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هێرشە لەناکاوەکەی حەماس لە 7 ی تشرینی یەکەم بە هۆی شکستە گەورە هەواڵگری و سەربازییەکەی مۆساد و سوپای ئیسرائیل، کاریگەرییەکانی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
عاموس هێرئیل سەبارەت بە ئەنجامەکانی شەڕی غەززەش ڕایگەیاندووە کە داگیرکردنی بەشی باکوری غەززە و جوڵەپێکردنی هێز بەرەو ناوەڕاست و باشوری ئەم شارە زیانی بە حەماس و دانیشتووانی ناوچەکە گەیاندووە بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئامانجەکانی ئیسرائیل بەدەینەهاتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لەم هەلومەرجەدا پێناچێت لە داهاتووشدا سوپای ئیسرائیل بتوانێت دەسکەوتێکی هەبێت، شاردنەوەی ئەم ڕاستییەش دژوارە، لە بەر ئەوەی کە سوپا بەرەو کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە غەززە دەڕوات تا قۆناغێکی نوێ دەست پێبکات و ئەمەش هەمان بابەتە کە حکومەتەکەی نتانیاهۆ هەوڵی شاردنەوەی لە خەڵک دەدات./.