بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” غەززە بەیروت نییە و یەحیا سنوار یاسر عەرەفات نییە، ئەو هەوڵی پەنابەری نادات بەڵکوو بۆ ئاهەنگی سەرکەوتن لە غەززە ئامادە دەبێت “. نووسەری زایۆنیست ناحوم بێرنیع ئەمەی لە نووسینێکدا بە ناونیشانی ” پێکەوەژیان لە گەڵ شکست ” لە میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا باس کردووە و ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب لە پاش تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بە سەر شەڕی غەززەدا دەسکەوتی نەبووە.
میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەم ڕۆژانەدا بە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیان باس لە پێویستی دانپێدادانی تەل ئەبیب بە شکست لە غەززە و ڕێگری لە زیان و تێچووی زیاتر دەکەن و لە هەمان کاتدا دەڵێن کە کێشەکەی ئێستای نتانیاهۆ ئەوەیە دەبێت کەلێنی نێوان ئەو چاوەڕوانییە نابەرپرسانەی بەردەوام باسی کردووە، لە گەڵ بڕیارە قورسەکان کە ئێستا دەبێت دەریبکات، پڕ بکاتەوە.
شکستە هەواڵگری و سەربازییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و هەروەها لە شەڕی غەززە لە پاش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تا ئێستا، لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەو وڵاتە ژوورێکی تایبەتی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر حەماس و سەرکردەکانی و پێدانی بە فەرماندەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی پێکهێناوە و دەیەوێت لە ڕێگای زانیارییەکان و هێرشە درۆنییەکانەوە کۆتایی بە سەرکردەکانی حەماس بێنێت.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەو هەموو هاوکارییەی ئەمریکا هیچ یەک لە سەرکردە باڵاکانی حەماس لە غەززە نەکوژراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەوڵ بدات پرۆسەی پاشەکشەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەست پێبکات.
میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە دەستپێشخەرییەک بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی سێ مانگە هەیە و چەندین بابەتی وەک ئاڵوگۆڕی دیلەکان، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە، گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بۆ ناوچەکانی باکور، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل، دامەزراندنی ناوەندێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە بودجەی نێودەوڵەتی و تەنانەت بەشداری حەماس لە کۆنتڕۆڵکردنی غەززە لە پاش شەڕی ئێستا لە خۆ دەگرێت.
میدیا زایۆنیستەکان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری ئەم شکستەی تەل ئەبیب بۆ ئامادەبوونی گرووپە فەڵەستینییەکان بۆ شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، سیستەمی تونێلەکان، کێشە و گرفتەکانی ڕوبەڕوبونەوە لە گەڵ بزوتنەوەیەکی ئایدۆلۆژیک، شکستی پێشبینی شرۆڤەکارانی ئیسرائیل لە ڕاپەڕینی خەڵکی غەززە لە دژی حەماس بە هۆی بۆردومانەکان، دەگەڕێتەوە./.