بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمەد بن جاسم سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە ئەو ئاڵۆزییانەی لە ئێستای ناوچەکەدا دەبینرێت و دوایین نموونەشی هێرشەکەی سەر یەمەنە، هۆکارەکەی تەنیا بۆ پەراوێزخستنی پرسی فەڵەستین و گرنگینەدان بە مافی ئەو گەلە لە 75 ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئەم سیاسەتانە هەر لە سەرەتاوە ڕێگای دەستێوەردانی لایەنە بیانییەکانی بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە کردەوە کە ئامانجەکەشی تەنیا دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنانە بووە، وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش تەنیا بوونە جێبەجێکاری سیاسەتەکانی وڵاتانی بیانی بە بێ ئەوەی گرنگی بە بۆچوونەکانیان بدرێت.
حەمەد بن جاسم ڕایگەیاند: ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕوو لە زیادبوون دەکات و هەندێک لایەن هەیە بەرژەوەندییەکانیان لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانە.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر ڕایگەیاند: کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە پێویستی بە هەنگاوی کرداری وڵاتانی عەرەبییە، نەک ئەوەی کە تەنیا لە میدیاکانەوە بڵاو بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێت کاریگەری لە سەر خەڵکی عەرەب و جموجوڵەکانی ئەوان دابنێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئەنجامی ئەم بارودۆخە ئەوەیە کە وڵاتانی عەرەبی هیچیان پێناکرێت و دەبینین کە ئەفریقای باشور سکاڵاکەی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی دەباتە دادگای لاهای و دژی کۆمەڵکوژییەکەی غەززە پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان دەکات.
ڕاشیگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی عەرەبی دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیان بە تایبەت لە بەرامبەر پرسی فەڵەستیندا بکەن./.