بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەێندراوێکی نوێی لە سەر تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ساڵیادی تیرۆری شەهید قاسم سولەیمانی لە شاری کرمان بڵاو کردووەتەوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە داڕێژەی پلانی تەقینەوە تیرۆریستییەکان و ئەوەی کە ڕۆڵی پشتیوانی سەرەکیی لەم تاوانەدا بینیوە، کەسێکی تاجیکستانی بە ناوی عەبدوڵڵا تاجیکی بووە کە دوو هەفتە پێش ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە گەڵ ژن و منداڵێک لە سنورەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتەوە هاتووەتە ئێران و لە شاری کرماندا جێگیر بووە، ناوبراو بەدەر لە بەڕێوەبردنی پلانە تیرۆریستییەکە، شارەزایی تەواوی لە درووستکردنی بۆمبدا هەبووە.
لە درێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە ناسنامەی یەکێک لە تیرۆریستە خۆکوژەکان بە ناوی بازیرۆف ی ئیسرائیلی کوڕی ئەمانوڵڵا تەمەن 24 ساڵە و لە بنەڕەتدا تاجیکستانی بووە کە لە ڕێگای تەلەگرامەوە لە گەڵ ڕێکخراوی داعش وەک پەروەردەکراوی ئەمریکا ئاشنا بووە و دەبێتە ئەندام لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەدا. ئەو تیرۆریستە لە شاری وانی تورکیاوە و بە هاوکاری قاچاخچییەکان لە سنورەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە گەیشتووەتە ئەفغانستان و مەشق و ڕاهێنانی پێکراوە و پاش چەندین مانگ هاتووەتە ئێران و پەیوەندی بە هەمان تیرۆریستەوە کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرەداوی پێویست لە سەر ناسنامەی تیرۆریستی خۆکوژی دووەم بە دەست هاتووە کە لە داهاتوودا زانیاریی لە سەر بڵاو دەکرێتەوە.
وەزارەتی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا 35 کەس لەوانەی بە هەر شێوازێک پەیوەندییان بەم تاوانە تیرۆریستییەوە هەبووە لە پارێزگاکانی کرمان، سیستان و بەلوچستان، خوراسانی ڕەزەوی، ئەسفەهان، تاران و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستگیر کراون و هەروەها ژمارەیەکی دیکەش لە تاوانبارانی پەیوەندیدار لە تەقینەوە تیرۆریستییەکانی کرمان لە دەرەوەی سنورەکان دەستنیشان کراون کە هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی ئەوان بەردەوامە./.