بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولزوهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند کە ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە تا کۆتایی ساڵی 2023 بە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس خەمڵێندراوە کە لە سەدا 69.9 ی دانیشتووی شارەکان و لە سەدا 30.1 ی دانیشتووی گوندەکانن.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە حەشیمەتی ژێر 15 ساڵ لە عێراق لە سەدا 40، حەشیمەتی 15 تا 64 ساڵ لە سەدا 57 و حەشیمەتی سەرو 64 ساڵ لە سەدا 3 ی دانیشتووانی ئەم وڵاتەی پێکهێناوە.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی چالاکییە ئابورییەکان لە کەسانی سەرو 15 ساڵ گەیشتووەتە لە سەدا 40 و ئەم ئامارەش لە پیاواندا لە سەدا 87 و لە ژناندا لە سەدا 13 تۆمار کراوە.
عێراق لە ساڵی 1997 تا ئێستا سەرژمێری گشتی نەکردووە و تا ئێستا 6 جار پلانی سەرژمێری بە هۆکاری جیاجیا دواکەوتووە و بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2024 بەڕێوە بچێت./.