بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای ئەوەی گەنمەشامی سوودێکی زۆری هەیە و ڕێژەی خۆراکی زۆرە بەڵام دەبێتە هۆی زیادبوونی پەستانی خوێن و ئەمەش بۆ کەسێک بەسوودە کە پەستانی خوێنی دادەبەزێت و زیانی بۆ ئەوەش هەیە کە تووشی پەستانی خوێن بووە.
گەنمەشامی گەلێک مادەی گرنگی تێدایە، وەک ڤیتامین B1 کە گرنگە بۆ کرداری میتابۆلیزم، مادە کاربۆهیدراتەکان، ڤیتامین B5 کە ئەویش بۆ جەستە گرنگییەکی زۆری هەیە.
هەروەها گەنمەشامی ڕێژەیەکی باشی ڤیتامین C ی تێدایە کە مادەیەکی دژە ئۆکسانی بەهێزە و سوودی هەیە بۆ بەهێزکردنی بەرگری جەستە بە تایبەت بەرگری دژی هەوکردنەکان.
گەنمەشامی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕیشاڵی خۆراکییە کە ڕێژەکەی دەگاتە لە سەدا 18 ی پێویستی ڕۆژانە و بریتییە لە 25 تا 35 گرام بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو. گرنگی گەنمەشامی زیاتر لە بەر ڕیشاڵی خۆراکییە کە ئاستی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا دادەبەزێنێت و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن دوور دەکاتەوە.
خواردنی گەنمەشامی هەفتانە دوو جار بە تازەیی یان هەتا بە فریزکراوی سەرەڕای ئەم سوودە تەندرووستییانەی کە باس کران، یارمەتیدەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن بە تایبەت لە توشبووان بە نەخۆشی شەکرە.
ڕیشاڵی خۆراکی دوو جۆری هەیە، جۆری تواوە و جۆری نەتواوە. هەر دوو سوودی زۆریان بۆ تەندرووستی هەیە بە تایبەت بۆ کۆئەندامی دڵ و کۆئەندامی هەرس.
زۆربەی زۆری ئەو خواردنانەی کە کاربۆهیدراتیان تێدایە دەبنە هۆی زیادبوونی ئاستی شەکری خوێن. بۆیە سوود و زیانی گەنمەشامی دەکەوێتە سەر ئاستی خواردنی، ئەگەر بێت و ڕێژەیەکی زۆری بخورێت زیان بە تەندرووستی دەگەێنێت لە بەر ئەوەی دەوڵەمەندە بە کاربۆهیدرات./.