بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی دووشەممە 8 ی کانوونی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بەشداریی لە پرسەی قوربانییانی تەقینەوەکانی شاری کرمانی کرد و وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی، پرسەنامەیەکی لە تۆماری پرسەدا نووسی.
ناوبراو وتی: تەقینەوەکانی کرمان سەلمێنەری ڕاستەقینەی تیرۆرە و پێویست بە بەردەوامی هاوکاری هاوبەش لە ناوچەکە و جیهان هەیە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش کە دوژمنی هاوبەشی ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێران و جیهانە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە و بەردەوام دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ ئەم وڵاتەدا هەبێت و پێم وایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا پەیوەندییەکی باشە و هیوادارین باشتریش ببێت، لە بەر ئەوەی کە ئێمە دراوسێی یەکترین و لە ئەنجامدا لەو شوێنانەی ئێمە پێویستمان بە یارمەتی هەبووە، کۆماری ئیسلامی ئێران یارمەتیدەری ئێمە بووە، لە هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا دووپاتمان کردووەتەوە و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانمان بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران./.