بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکانی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا پیشان دەدات کە عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023 بە ڕێژەی 5 ملیۆن و 611 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە و تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەش 181 هەزار بەرمیل بووە.
ئەو ئامارەش ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023 بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم بەرز بووەتەوە. عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 بە ڕێژەی 5 ملیۆن و 130 هەزار بەرمیلی هەناردەی ئەمریکا کردووە کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەش 171 هەزار بەرمیل بووە.
فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە هەفتەی یەکەمی مانگی کانوونی یەکەمی 2023 ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل، لە هەفتەی دووەم ڕۆژانە 22 هەزار بەرمیل، لە هەفتەی سێهەم ڕۆژانە 380 هەزار بەرمیل و لە هەفتەی چوارەم ڕۆژانە 239 هەزار بەرمیل بووە.
ڕاشیگەیاندووە کە عێراق پاش کەنەدا، مەکزیک، سعوودیە و برازیل لە پلەی چوارەمی گەورەترین هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023 بووە.
هەروەها عێراق لە نێو وڵاتانی عەرەبی لە پاش سعوودیە کە 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە پلەی دووەمی ئەم ڕیزبەندییەدایە./.